زاخۆ.. زیاتر لە پێنج هەزار ماسی لە پرۆژەی پردی دەلال زیاد کرا

قایمقامی قەزای زاخۆ بۆ جوانکردن و دەوڵەمەندکردنی سامانی ئاژەڵی زیاتر لە پێنج هەزار ماسیی خستە ناو ئاوی خابیری زاخۆوە لە تەنیشت پردی دەلال. ئەمڕۆ دووشەممە 17/7/2023، مشیر به‌شیر، قایمقامی قەزای زاخۆ، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”پرۆژەی گەشتیاریی کۆرنیشی زاخۆ، یەکێک لە پرۆژە سەرنجڕاکێش و ستراتیژییەکانە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشی خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی کردووە. ئەم پرۆژەیە بووەتە هۆی جوانتربوونی سیمای زاخۆ و دڵخۆشین کە ڕۆژ بە ڕۆژ گرنگیی زیاتر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەدرێت.” قایمقامی قەزای زاخۆ ئاماژەی بەوەش دا: ”کۆرنیشی زاخۆ لە قۆناغی کۆتاییدایە و بۆ دەوڵەمەندکردنی سامانی ئاژەڵی و جوانکردنی سیمای پردی دەلال زیاتر لە پێنج هەزار ماسیمان لە کەرکووکەوە گواستووەتەوە بۆ ناو ئاوی خابیری زاخۆ و تیمی شارەزای مەولەوانی چاودێریی ئاوی خابیر دەکەن بۆ ئەوەی ئەو سیما جوانەی تێک نەدرێت.” گوتیشی: هەموو ئامانجی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە خزمەتی هاووڵاتییان بکرێت و دڵخۆشین کە لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەنجان و بەساڵاچوان خزمەت دەکرێن.