بەرپرسێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئامارێكی مەترسیداری بابەتی مادەی هۆشبەر ئاشكرا دەكات و دەڵێت: “10 هەزار بازرگان و قاچاغچیی مادەی هۆشبەر لە ماوەی هەشت مانگدا دەستگیر كراون.”
حسێن تەمیمی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان، لە وەزارەتی ناوخۆ بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاندووە: “10 هەزار تۆمەتبار لە بازرگان و بەكارهێنەر و قاچاغچیی مادەی هۆشبەر لە ماوەی هەشت مانگدا دەستگیر كراون.”
دووپاتیشی كردەوە مانگانە هەزار و 225 تۆمەتباری ئەو كەیسانە دەستگیر كراون.
ئاماژەی بەوەش دا کە: “کارکردن بۆ بنبڕکردنی ئەم بەڵایە لە ئەرکدارکردنی پۆلیسەوە گۆڕاوە بۆ هەواڵگری کە یارمەتیی ئەوەی داوە دوو ئەوەندی پیشتر کۆنترۆڵكردنی دۆخەكە بەباشی بەڕێوە بچن.”
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆ جەختی كردەوە: “لە ڕێگەی وڵاتانی دراوسێوە بە قاچاغ مادەی هۆشبەر بۆ عێراق دەگوازرێتەوە و ژمارەی بەكارهێنەرانی ئەو مادانەش لە زیادبوونن، ئەوەش مەترسیدارە و پێویستی بە هەماهەنگیی هەموو لایەكە بۆ بەرەنگاربوونەوەی.”
حسێن تەمیمی ئاشكرایشی كرد: “لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا یەک ملیۆن حەبی هۆشبەر لە جۆری بنتاگۆن دەستی بەسەردا گیرا و تۆڕەکەش دەستگیر کران.”