دەستەى گەشتوگوزار هۆشدارى دەدات

گوتەبێژى دەستەى گشتیى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند لەسەر سکاڵاى گەشتیارانى شارەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق لێپێچینەوە لە هەر کۆمپانیایەکى گەشتیارى دەکەین کە پارەى هاتنە ناو ناوچە گەشتیارییەکان لە گەشتیاران وەربگرێت. ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژى دەستەى گشتیى گەشتوگوزار، بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “سکاڵایەکى زۆرمان بۆ دێت لەلایەن گەشتیارانى شارەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق کە لەلایەن چەند کۆمپانیایەکى گەشتیارییەوە بۆ هەر گەشتیارێک کە دەچێتە ناو ناوچە گەشتیارییەکان بڕى پێنج هەزار دینار وەردەگرن، کە ئەوەش پێچەوانەى ڕێنوێنیى دەستەى گەشتوگوزار و حکوومەتى هەرێمى کوردستانە و هیچ بڕیارێکى لەو شێوەیە نییە”. گوتیشى: “پێمان وایە ئەو دیاردەیە دەبێتە مایەى بێزارى گەشتیاران و کەمبوونەوەى ژمارەیان، بۆیە تەواوى کۆمپانیا گەشتیارییەکانمان ئاگادار کردووەتەوە کە بە هیچ شێوە ئەو پارەیە لە هیچ گەشتیارێک وەرنەگرن، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووى لێپرسینەوە سزا و غەرامەکردن دەکرێنەوە، هاوکات گەشتیارانیش دەتوانن ئاگادارمان بکەنەوە بۆ ئەوەى لێپێچینەوە بەدواداچوون بکەین”.