ئەمڕۆ پێنجشەممە دەسەڵاتدارانی عێراق، ڕاگرتنی مۆڵەتی کاركردنی کۆمپانیای ئێریکسۆنی سویدیان لەسەر خاکی عێراق ڕاگەیاند. ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق بڵاوی کردەوە، عەلی موئەیەد سەرۆکی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، مۆڵەتی کارکردنی کۆمپانیای ئێریکسۆنی سویدی بۆ پەیوەندییەکان لە خاکی عێراق ڕاگرتووە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە كە ئەم ڕێکارە لە دژی هەڵوێستی حكوومەتی سوید گیراوەتە بەر، كە ڕێگە بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق دەدات. جێی باسە ئەمڕۆ پێنجشەممە هاووڵاتییەكی عێراقی كە پەنابەرە لە سوید، بۆ دووەم جار چاپێكی قورئانی پیرۆزی لە شاری ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید سووتاند، ئەمەشی دوای ڕێگەپێدان و مۆڵەتی پۆلیسی سوید ئەنجام دا.