ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاژانسی هەواڵی “ئیرنا”ی فەرمیی ئێرانی بڵاوی کردەوە، دوو ئەفسەری پۆلیسی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە نزیك شاری ئەسفەهان كوژراون. بەپێی هەواڵەكە، پێكدادانی چەكداری و تەقە لە نێوان هێزەكانی پۆلیسی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكان و مافیایەكی قاچاخ و بازرگانیی مادە هۆشبەرەكان لەسەر ڕێگەی نێوان ئەسفەهان و یاسووج ڕووی داوە. بەر لە پێكدادانەكە، پۆلیسی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكان گومانیان لە دوو بارهەڵگر هەبووە كە مادەی هۆشبەریان پێ بووە، دوای راگرتنیان، بارهەڵگرەكان چەكداریان تێدا بووە و كەوتوونەتە تەقەكردن لە هێزەكانی پۆلیس.