بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری قەزای چۆمان، داواكارە لە هاووڵاتییان و لە كاتی گەشتكردنیاندا نەچنە ژێر تونێلە بەفرینەكان، چونكە بەهۆی بەرزیی پلەی گەرماوە، مەترسیی توانەوە و داڕوخانیان هەیە. هەڵگورد محەمەد ناوەندەیی، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری قەزای چۆمان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “بۆ چەندین جارە ئاگاداری گەشتیاران و هاووڵاتییان دەکەینەوە، کە نزیک نەکەونەوە لە تونێلە بەفرینەکانی پڕژە و بەهیچ شێوەیەک بەسەر کەویە بەفرەکان نەکەون، لەبەر ئەوەی بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە، بەرەو توانەوە چوونە و مەترسی دەخەنە سەر گیانی گەشتیاران.” ڕۆژی چوارشەممە 19/7/2023، هاووڵاتییەك بەناوی هۆشیار عەبدولکەریم، تەمەن 34 ساڵ، دانیشتووی شارەدێی ڕوڤیای سنووری پارێزگای دهۆک، لە پڕژەی سنووری قەزای چۆمان، كەوتە ژێر تونێلێکی بەفر و گیانی لەدەست دا، لە ساڵانی ڕابردووشدت بە هەمان شێوە چەند كەسێك تووشی هەمان ڕووداو بوونەتەوە.