دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو ژمارەیەك چەكداری سەر بە حەشدی شەعبی چوونە سەر زەویوزاری جووتیارانی كورد لە گەڕەكی ڕزگاریی شاری خورماتوو بە مەبەستی داگیركردنی زەویوزاری ئەو جووتیارانە، پاشان ئیدارەی خورماتوو بە جووتیارانی ڕاگەیاندبوو كە كار دەكەن بۆ ڕێگریكردن لەو داگیركارییە و جووتیارانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە چەكدارەكان پێداگرن بۆ داگیركردنی زەوییەكان. لە سەردانێكی مەیدانی پەیامنێری (باسنیوز)دا بۆ سەر زەوییەكان ڕایگەیاند، 20 دۆنم زەویی جووتیارانی كورد كە دەكەوێتە باشووری گەڕەكی ڕزگاریی و دەیان ساڵە لەو شوێنە كاری كشتوكاڵی دەكرێت بەتایبەت سەوزە، بەڵام هەفتەی ڕابردوو ژمارەیەك لە چەكدارانی سەر بە حەشدی شەعبی دەستیان بە تێكدانی بەشێك لە كێڵگە كشتوكاڵییەكە كرد بۆ ئەوەی بیكەنە شوێنی نیشتەجێبوون. زەوییەكان 20 دۆنم دەبن و كەوتوونەتە ناو گەڕەكێكی كورد، بەڵام چەكدارەكان دەیانەوێت بە زەبری هێز بۆ خۆیان زەوییەكان پارچە پارچە بكەن و پاشان بیفرۆشن. لەو سەردانە مەیدانییەدا لە گەنجێكمان پرسی بە ناوی دارەوان ئەحمەد كە لەگەڵ كۆمەڵێك گەنجی تر لەسەر زەوییەكان بوون، ئەو بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: زۆر ناڕازیین لەوەی كە ئەم زەوییانە بكرێنە شوێنی نشیتەجێبوون، خەڵك لە سایەی ئیدارەی ئێستای خورماتوو هیچ دەسەڵاتی نییە، بەڵام وەك بەشێك لە گەنجانی گەڕەكەكەمان دژی ئەوەین كە زەوییەكان بكرێنە شوێنی نیشتەجێبوون بەهۆی ئەوەی نانی چەندین جووتیار دەبڕێت. چەكدارەكان پەرژینی زەوییەكانیان تێك داوە و قایمقامیەتی خورماتووش بە جووتیارەكانی گوتووە ڕێگە نادەن كەس زەوییەكان داگیر بكەن تا ئەو كاتەی دادگا بابەتەكە یەكلا دەكاتەوە، بەڵام (باسنیوز) زانیویەتی كە چەكدارەكانی سەر بە حەشدی شەعبی پێداگرن لەسەر ئەوەی زەوییەكان داگیر بكەن.