لە عێراق بازرگانیكردن و فرۆشتنی منداڵان زیادی كردووە و هۆكارەكانیشی ئاشكرا دەكرێن. ئەمڕۆ دووشەممە 24ی 7ی 2023، ئەنەس عەزاوی، كە چالاكێكی مافی مرۆڤی عێراق و ئەندامی پێشووی كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراقە، بۆ ماڵپەڕی (بەغداد ئەلیەوم)ی ڕاگەیاندووە، هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەیە كە دیادەی بارزگانیكردن و فرۆشتن منداڵان لە عێراق زیادی كردووە و تۆڕ و مافیای تایبەت بەو تاوانانە هەیە لە زۆربەی پارێزگاكان، سەرەڕای ئەوەی یاسای تایبەت بەو بابەتە هەیە كە ڕێگر بێت لە پێش ئەو تاوانانە بەتایبەت یاسای 11ی ساڵی 1969ی هەمواركراو و یاسای 28ی ساڵی 2017، جگە لەوەش، لایەنە پەیوەندیدارەكان كاریان كردووە بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە كە كۆمەڵگا بەرەو ئاقارێكی خراپ دەبات. ئەو چالاكەی مافی مرۆڤ، ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە: ئاماری ورد لەبارەی بازرگانیكردن و فرۆشتنی مندڵان لە عێراق لەبەردەست نییە بەهۆی ئەوەی بابەتەكە هەستیارە، بەڵام بە گوێرەی ڕاپۆرتەكانی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بۆ كۆتاییی ساڵی 2022 نزیكەی ملیۆنێك منداڵ كار دەكەن و بەشێكیان ئیستغلال دەكرێن بۆ بارزگانیكردن پێیانەوە بە شێوەی نایاسایی، وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش ناوە ناوە ئاشكرای دەكات كە لێرە و لەوێ تۆڕەكانی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە هەڵدەوەشێننەوە. لە عێراق كڕین و فرۆشتن بە منداڵانەوە زیادی كردەوە و بەشێك لە منداڵان بە كرێ دەردرێنە كەسانی تر بۆ پەیداكردنی پارە لە ڕێگای سواڵكردنەوە. چالاكانی مافی مرۆڤی عێراق ئەوە دەخەنە ڕوو، كە حكوومەتی عێراق نەیتوانیوە كاری جددی بكات بۆ ئەوەی ڕێژەی بێكاری لە عێراق كەم بكاتەوە كە زۆر جار هەژاری وا لە هاووڵاتییانی عێراق دەكات پەنا ببەنە بەر كردەوەی نایاسایی.