گرژیی و ئاڵۆزیی دەكەوێتە نێوان میلیشیاكانی سەدر و هێزە ئەمنییەكانی بەغدا

ئەمڕۆ دووشەممە لە ناوەڕاستی شاری بەغدای پایتەختی فیدراڵیی عێراق، گرژیی و ئاڵۆزییەكی ئەمنیی گەورە كەوتە نێوان لایەنگران و میلیشیاكانی سەر بە ڕەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر و هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی فیدراڵی. ئەمڕۆ ژمارەیەكی زۆری چەكدارانی میلیشیای سەرایا سەلام، باڵی سەربازیی ڕەوتی سەدر، لە گۆڕەپانی تەحریری ناوەڕاستی بەغدا كۆبوونەوە، ژمارەیەكی زۆریشیان لە ناوچەكانی شاری سەدر، گەڕەكی ئەلبەلەدیە، بەغدای نوێ و چەند ناوچەیەكی تر بڵاوەیان پێ كراوە، لە بەرامبەریشدا هێزێكی زۆری ئەمنیی حكوومەتی فیدراڵی بە چەكی قورسەوە، لە ناویشیاندا فیرقەی 9ی زرێپۆشی پۆلیسی فیدراڵی لە ناو شاری بەغدا بڵاوەیان پێ كراوە. ماڵپەڕی رۆژنامەی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید) لە راپۆرتێكدا لە زاری بەرپرسێکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدای گواستووەتەوە كە محەمەد شیاع سوودانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی داوە بینای (مەتعەم تورکی) چۆڵ بكرێ، كە هێزەكانی سەر بە سەرایا سەلامی تێدا جێگرە، بۆ ئەوەی بیناكە نۆژەن بكرێتەوە و بكرێتە بنكەیەكی سەرەكیی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی، ئەمەش بۆ دووەم جارە لەسەر چۆڵكردنی ئەو بینایە گرژیی چەكداری دروست دەبێت. میلیشیاكانی سەر بە سەدر لە وەڵامی داواكەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا رایانگەیاندووە كە تەنها بە فەرمانی راستەوخۆ موقتەدا سەدر ڕێبەری رەوتی سەدر، بینای مەتعەم توركی چۆڵ دەكەن. جێی باسە لە دوێنێ شەوەوە هێزێكی زۆری میلیشیاكانی لایەنگری سەدر بە چەكی مامناوەندی و قورسەوە گەیشتوونەتە دەوروبەری مەتعەم توركی و گەمارۆیان داوە، بۆ ئەوەی ڕێگە بە نزیكبوونەوەی هێزە ئەمنییەكان نەدەن.