میدیایەكی عەرەبی: عێراقییەكان بە نیاز نیین بەشداریی هەڵبژاردنی پارێزگاكان بكەن

ماڵپەڕی ڕۆژنامەی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید) لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوە داوە كە ڕێژەیەی زۆری عێراقییەكان، ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە، بە نیاز نیین بەشداریی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا بكەن، سەرچاوەیەكیش لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە زانیاریی گرنگ ئاشكرا دەكات. بەپێی رۆژنامە عەرەبییەكە، سەرچاوەیەك لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق ڕای گەیاندووە كە گەورەترین كۆسپ لەبەردەم هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان کە بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، ئامادەنەبوونی دەنگدەرانە بۆ نوێکردنەوەی تۆمارەکانیان یان وەرگرتنی کارتەکانیان، بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن. سەرچاوەیە لە کۆمسیۆنەكە کە ئامادە نەبووە ناوی خۆی ئاشكرا بكات، ڕای گەیاندووە تا ئێستا نزیکەی چوار ملیۆن عێراقی تۆمارەکانیان نوێ نەکردووەتەوە، بەم شێوەیە بڕوات مافی دەنگدانیان نابێت، ئاماژەی بەوەش کردووە كە ئەو ژمارەیە زۆر زۆرە و مانای ئەوەیە كە هاووڵاتییان لە دوودڵییەكی گەورەدان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن. سەرچاوەكەی کۆمسیۆن، گوتوویەتی كە ئاسانکاریی زۆر گەورەیان کردووە بۆ ئەنجامدانی نوێكردنەوەی تۆماری ناوەكان، هەروەها چەند سەنتەرێکیان کردووەتەوە بۆ ئەوەی دەنگدەر ئاسانتر بتوانن تۆمارەکانیان نوێ بكەنەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ڕێژەی بەشداریکردن زۆر لاواز دێتە بەرچاو.