دەرمانێكی كوشندەی منداڵان لە ناو بازاڕەكانی عێراق دەفرۆشرێ

ئەمڕۆ هەینی ئاژانسی هەواڵی (بلومبێرگ)ی ئەمریكی، بڵاوبوونەوەی دەرمانێكی كوشندەی لە ناو بازاڕەكانی عێراق ئاشكرا كرد. (بلومبێرگ) هۆشداری داوە لەوەی دەرمانێکی هیندیی کوشندە لە بازاڕەکانی عێراق بە ناوی دەرمانی چارەسەری هەڵامەتی منداڵان دەفرۆشرێت، كەچی دەرمانەكە مادەیەكی كیمیایی ژەهراوی تێدایە. ئاژانسەکە ڕای گەیاندووە کە لێكۆڵینەوەیەكی زانستیی نوێ دەریخستووە ئەو دەرمانەی بەناوی چارەسەری هەڵامەت دەدرێتە منداڵان و ناوی (كۆڵد ئاوت)ه، پێشتر لە سەرانسەری جیهان بەکار دەهێندرا و ئێستا دەركەوتووە مادەی ژەهراوی تێدایە. بەگوێرەی ئاژانسەکە، یەک قووتوو لەو دەرمانە بە ناوی “کۆڵد ئاوت” کە لە مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوودا لە دەرمانخانەیەکی بەغدا کڕدرابوو، ڕێژەی 2.1% ئیتیلین گلایکۆلی تێدا بووە، بەگوێرەی ئەنجامی پشکنینێکیش کە تاقیگەی سەربەخۆی ڤالیزۆری ئەمریکی ئەنجامی داوە، دەریخستووە كە ئەم ڕێژەیە یەکسانە بە نزیکەی 21 هێندەی سنووری بەكارهێنانی ئاسایی فۆڕمی قبووڵکراوی ئیتیلین گلایکۆڵ. ئاماژەشی بەوە کردووە کە بڕێکی کەم لەم مادەیە بۆ مرۆڤ کوشندەیە و ساڵی رابردووش ئەم دەرمانە ڕۆڵی هەبووە لە مردنی بە کۆمەڵی منداڵان لە وڵاتانی گامبیا و ئۆزبەکستان. بلومبێرگ دووپاتی کردووەتەوە کە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، بەرپرسانی عێراق و هیندستانیشی لە ئەنجامی پشکنینەکان ئاگادار کردووەتەوە.