میدیایەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە سەر بە قوباد تاڵەبانییە، سووکایەتیی بە شاری هەولێر دەکات و دەست لە کەسایەتییە بەناوبانگەکانی شارەکەش ناپارێزن. ئەمشەو پێگەی (BMC)ی سەر بە قوباد تاڵەبانی، نووسینی کەسێکیان بڵاو کردۆتەوە گوایە رووداوێکی مێژوویی هەولێر لەبارەی گیرانی ژمارەیەک گوێدرێژ لە ساڵی 1963 دەگێڕێتەوە و تێیدا سووکایەتییەکی زۆر بە هەولێر و کەسایەتییەکی بەناوبانگی شارەکە دەکات. لەمبارەیەوە حاجی سەفین گەردی، کەسایەتی دیاری شاری هەولێر لە عەشیرەتی گەردی بە (باسنیوز)ی راگەیاند، بەداخەوە ماڵپەڕەکەی قوباد تاڵەبانی هەواڵێکی بڵاو کردۆتەوە کە مرۆڤ سەیری بکات هەست بەوە دەکات کینە و دڵڕەشی و ڕقێکی لەپشتە بەرامبەر بە شاری هەولێر لە کاتێکدا ئەو شارە لانکەی شۆڕشەکانی گەلی کوردستان بووە، بۆیە “داواکارم قوباد تاڵەبانی ڕۆژنامەنووس و کەسەکانی دەوربەری خۆی ئامۆژگاری بکات کە پەلاماری خەڵکی بە شەرەفی هەولێر نەدەن و ڕق و کینەی سیاسییان بەسەر خەلکی هەولێر نەڕێژن.” جەختیشی کردەوە: “خەڵکی هەولێر قوربانیدەر و میواندۆست و خزمەتکاری کوردستانن، مەحموود زامداریش خزمەتێکی زۆری بە بواری ئەدەب کردووە، شایەنی ئەوە نین لەژێر ناوی گێڕانەوەی مێژوویی سووکایەتییان پێ بکرێت.” رووداوی گیرانی گوێدرێژەکان لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوو بۆ رێگەگرتن بووە لە گەیاندنی هاوکاری بۆ شۆڕشی گەلی کوردستان، هەر لە هەولێریش رووی نەداوە. لەمبارەیەشەوە کەسێک بە ناوی سالی حەمە لە کۆمێنت بۆ میدیاکەی یەکێتی نووسیوە، لە سلێمانیش هاوشێوەی هەولێر گوێدرێژ گیراون و دواتر خاوەنەکانیان قەرەبوو کراونەتەوە، کەچی میدیاکەی یەکێتی بۆ سووکایەتی بە هەولێر، تەنیا باسی رووداوەکەی بەو جۆرە کردووە وەک ئەوەی لە هەولێر رووی دابێ.