کوردی ئێزدی ڕێوڕەسمی جەژنی چلەی هاوین بەڕێوە دەبەن

کوردی ئێزدی دەست دەکەن بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی جەژنی چلەی هاوین لە پەرستگەی لالش و سبەی ”2ی مانگی ئاب” جەژنی چلەی هاوینی ئێزدییەکانە. لەم بارەیەوە، جەھوەر عەلی بەگ، وەکیلی میری ئێزدییان، بە (باسنیوز)ی گوت: ”ئەمڕۆ ڕێوڕەسمەکانی جەژنی چلەی هاوین دەست پێ دەکات و سەردانکەرانی پەرستگەی لالش هەموو ڕێوڕەسمەکان بەڕێوە دەبەن. چلەگر ئەو کەسانەن کە چل ڕۆژی چلەی هاوین بەڕۆژوو دەبن. هەر ئێزدییەکی بچێتە لالش پێویستە لەسەر پردی سیڕاتەوە تێپەڕ بێت و لە حەوزی کانی سپی دەست و دەموچاوی بشوات و خۆی پاک بکاتەوە.” ئاشکرایشی کرد: لەم جەژنەدا ئەو ئێزدییانەی لە ئاوی (کانی سپی)دا مۆر نەکراون، مۆر دەکرێن و سەردەرانی تایبەتی پەرستگەی لالش دەڕازێتەوە و تاووس جوان دەکرێت. گوتیشی: هەموو ئێواران سەما دەکرێت و چرای ئاقد (مەزاری گەورەپیاوان) و نیشانگە تایبەتەکان هەڵدەکرێن و ڕێوەڕەسمی قنتار (بەکۆمەڵ) بەڕێوە دەچێت، ئەم ڕێوڕەسمە بەری بەیانی و دەمەوئێوارانی هەموو ڕۆژێک بەڕێوە دەچێت.