بۆ ڕێگری لە كاری قاچاخ خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان دەچنە پێش مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە هەولێر

خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەولێر و دهۆک، بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین لە دژی هاوردەكردنی هێلکە و مریشكی بە قاچاغ لە سنوورەكانی سلێمانی، لەبەردەم مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر كۆدەبنەوە و خۆپیشاندانێك ڕێك دەخەن. پەرلەمانتارێكی لێژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی كوردستانیش ئاشكرای دەكات، كاری قاچاخ لەو سنوورەی دەسەڵاتی یەكێتی بەردەوامە و بەئاشكرا دەرگای تایبەتی بۆ كراوەتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز)، لەو خۆپیشاندانەدا خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان ناوی چەندین بەرپرسی یەکێتییان هێناوە، كە بە هۆکاری ئەم قاچاغچییەتییەیان زانیون، هەربۆیەش لەبەردەم مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە هەولێر كۆبوونەتەوە، تاوەكوو یەكێتی دەستبەرداری ئەو كارە قاچاخانەی بێت، كە ژیانی خەڵكێكی زۆری خستووەتە مەترسییەوە و كاریگەریی خراپی كردووەتە سەر بەرهەمی خۆماڵی. شوان كەریم زراری، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، لەو سنوورەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی لە سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و هەڵەبجە، لە تەواوی دەروازەكان كاری قاچاخچێتی ئاشكرایە و دەرگای تایبەتی بۆ كراوەتەوە، گوتیشی: ”لێژنەی تایبەت لەسەر ئەو كارە پێك هات و بەدواداچوونی كرد، بەڵگەی تەواو هەبوو، كە كەسانی دەستڕۆیشتووی ناو یەكێتی كاری هێنانی زۆر بەروبوومی قاچاخ بۆ ناو هەرێمی كوردستان دەكەن، بەڵام بەداخەوە تاوەكوو ئێستا نەتوانراوە ڕێگری لەو كارەی حزبی دەسەڵاتداری سلێمانی بكرێت، ئەوەش كاریگەریی خراپی لەسەر خاوەن كاری كێڵگە پەلەوەرییەكان و بەرهەمی ناوخۆیی بەگشتی دروست كردووە.“ ئاماژەی بەوەش دا، بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەو كارە قاچاخییانە، پێویستە دەسەڵاتی تەواوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەروازەكانی سنووری سلێمانی بگەڕێتەوە و دەستی حزب لەوكارانە دوور بخرێنەوە.