تەرمی ئەو گەنجانەی لە بۆلگاریا گیانیان لەدەست دا، دەگەڕێندرێنە هەرێمی کوردستان

دوای ئەوەی کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر دوو گەنجی خەڵکی ناحیەکانی شیلادزێ و دێرەلۆک لە دارستانەکانی وڵاتی بۆلگاریا گیانیان لەدەست دا، بڕیار درا تەرمەکانیان لەسەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بگەڕێندرێنەوە بۆ ناو کەسوکاریان لە هەرێمی کوردستان. داود ڕێكانى، باوکی یەکێک لە گەنجە قوربانییەکان بە ناوی ”دیندار داود” کە خەڵکی ناحیەی شیلادزێی سەر بە قەزای ئامێدییە، ئەمڕۆ شەممە 5/8/2023 بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”زیاتر لە 20 ڕۆژ لەمەوبەر کوڕەکەی من لە هەرێمی کوردستانەوە چوو بۆ وڵاتی تورکیا، لەوێشەوە چووەتە وڵاتی بۆلگاریا بۆ ئەوەی لەوێوە بچێتە ئەورووپا، بەڵام قەدەری وا بوو کە لەناو دارستانەکانی وڵاتی بۆلگاریادا گیانی لەدەست دا.” داود ڕێكانى گوتیشی: ”تا ئێستا هۆکارە ڕاستەکەی گیان لەدەستدانی کوڕەکەمان نازانین، بەڵام وەکوو ئەوەی کە هاوڕێکانی باس دەکەن، چەند ڕۆژێک نەخۆش بووە و بەهۆی ڕاوەستانی دڵەوە گیانی لەدەست داوە.” ئاماژەی بەوەش دا کە لەلایەن نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاگادار کراونەتەوە، ڕۆژی دووشەممە 7/8/2023، تەرمی کوڕەکەیان لە ڕێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە و لەسەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێندرێتەوە ناو کەسوکارەکەی. باوکی ئەو گەنجە دەشڵێت: ئێمە بە قەدەری خوا ڕازین و خۆمان بە قەرزداری مەسرور بارزانی دەزانین بۆ هاوکاریکردنی حکوومەت لە گواستنەوەی تەرمی کوڕەکەمان لە بۆلگاریاوە بۆ کوردستان. جێی ئاماژەیە بێجگە لەو گەنجەی شیلادزێ کە ناوی ”دیندار داود”ە، گەنجێکی دیکەش کە خەڵکی ناحیەی دێرەلۆکە بە ناوی ”ڕێکەفت باقی نێروەیی” هەر لەناو دارستانەکانی بۆلگاریادا گیانی لەدەست داوە و بڕیارە تەرمی هەردوو گەنجەکە لەسەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی دووشەممە 7/8/2023 بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان و لە گۆڕستانەکانی شیلادزێ و دێرەلۆک بە خاک بسپێردرێن.