ئەمڕۆ یەكشەممە تۆڕی هەواڵی (مۆنیتۆر)ی نێودەوڵەتی، لە راپۆرتێكدا نیگەرانییەكانی ئەمریكای لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق خستووەتەڕوو و نووسیویەتی كە بێدەنگیی ئێستای عێراق، بێدەنگیی بەر لە زریانە و ئێران بە نیازی هێرشی گەورەیە بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا لەو وڵاتە. بەپێی راپۆرتەكەی ئەلمۆنیتۆر، ئەو ماوە بێدەنگییەی لە ساڵی ڕابردووەوە دەستی پێ كردووە و تا ئێستا بەردەوام بووە و هیچ هێرشێك نەكراوەتە سەر ئەمریكییەكان لە عێراق، بێدەنگی و ئارامیی بەر لە زریانە، پێدەچێت ئێران بە مەبەست ئەو ماوە ئارامییەی ویستبێت و بەم زووانە ئەم بێدەنگی و ئارامییە كۆتایی دێت. راپۆرتەكە ئاماژەی بەوە کردووە كە کشانەوەی ئیمارات لە هاوپەیمانیی ئەمریکا بۆ پاراستنی کەنداو و پەیوەستبوونی بە هاوپەیمانییەکی دیکە بە سەرۆکایەتی چین، وای لە کۆشکی سپیی کردووە باس لە جێگیرکردنی هێزە دەریاییەکانی لە کەنداوی فارس بکات، ئەمەش ئەگەر جێبەجێ بکرێت، ئەوا دەبێتە هۆی ئەوەی هەنگاوەکانی ئێران بەرەو بە ئامانجگرتن و هێرشكردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەست پێ بكاتەوە. ئەلمۆنیتۆر هەروەها باسی لەوە كردووە كە ئەمریكا ئاگادارە لەوەی ئەم بێدەنگییە کاتی دەبێت، بەتایبەتیی كە رووسیا و ئێران ڕازی نابن لەوەی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، هێزی دەریایی لە کەنداوی فارس جێگیر بكات، ئەم هەنگاوە بە بێ وەڵامدانەوە تێناپەڕێت.