بەپێی راپۆرتێكی ڕۆژنامەی (زە سەندەی تایمز)ی بەریتانی، بەریتانیا سوپای پاسدارانی ئێران بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەی دەزانێت و پێی وایە، سوپای پاسداران دەستیان لەگەڵ هەندێ باندەكانی نتاوانكاری تێكەڵ كردووە، بۆ ئەنجامدانی هێرش و ئۆپەراسیۆن لە دژی ئۆپۆسزیۆن و نەیارەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوخۆی بەریتانیا. ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، سۆیلا براڤەرمان، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا پێی وایە، کە سوپای پاسداران گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی بەریتانیا و بەپێی گێڕانەوەی سەرچاوەی نزیک لە براڤەرمان، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ترسی ئەوەی هەیە، کە سوپای پاسدارانی ئێران، چالاکییەکانی لە ناوخۆی بەریتانیا زیاتر و چڕتر بكات، بە جۆرێك، بە سوودوەرگرتن لە باندە تاوانکارەکان، هێرش بكاتە سەر نەیارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوخۆی بەریتانیا. هەمان سەرچاوەی باسی لەوەش كردووە، چەند مانگێک لەمەوبەر و بەتایبەتی لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدا، پۆلیسی دژەتیرۆری بەریتانیا ڕایگەیاندووە، کە ١٥ پیلانی ئێرانیان بۆ ڕفاندن و کوشتنی هاووڵاتیی خاوەن دوو ڕەگەزنامەی بەریتانی و ئێرانی پووچەڵ کردووەتەوە. سەرچاوەكە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ئەم هەڕەشانەی سوپای پاسدارانی ئێران تەنیا بۆ سەر چالاکوانانی سیاسی و نەیارانی ئێران نییە، بەڵکوو ڕۆژنامەنووسانی فارسی زمانیش دەکرێنە ئامانج، بەو پێیەی (ئینتەرناشناڵ) کە کەناڵێکی فارسی زمانە و بنکەکەی لە پایتەختی بەریتانیایە، ڕووبەڕووی هەڕەشەی ڕژدی پاسداران بووەتەوە. ڕۆژنامەی (زە سەندەی تایمز)، کاریگەریی سوپای پاسدارانی لە بەریتانیا و وردەکارییەکانی پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتدارانی ئێران و ڕێکخراوێکی خوێندکارانی ئێرانی لە شاری هامەرسمیت لە ڕۆژئاوای لەندەن ئاشکرا کردووە و ئاماژەی بەوە داوە كە (ناوەندی ئیسلامی بۆ خوێندکاران) بۆ پێشخستنی بیروباوەڕی (خومەینی)ی دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامیی ئێران دامەزراوە و میوانداریی پیاوانی ئایینیی توندڕەو دەکات. هاوكات وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، زنجیرەیەك سزای بەسەر كەسایەتی و دامەزراوەكانی ئێران سەپاندووە، تا ئاستی ئەوەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا باسی لەوە كردووە، كە ناساندنی (سوپای پاسداران) وەكوو (ڕێكخراوێكی تیرۆریستی) یەكێكە لە بژارەكانیان. تاوەكوو ئێستا بەریتانیا ٣٥٠ سزای دژ بە کەسایەتی و دامەزراوە دەوڵەتییەکان لە ئێران پەسەند کردووە، كە زۆربەی ئەو سزایانە دۆسیەکانی پەیوەست بە مافی مرۆڤ و دەسەڵاتی دادوەریین لە ئێران.