(ئێس بی یو) دەزگای ئاسایشی ئۆكراینی رایگەیاند، ئافرەتێكی رووسییان دەستگیر كردووە، پەیوەندیی هەبووە بە ئامادەكاریی بۆ لێدانی گورزێك لە (فلادیمێر زیلنسكی)ی سەرۆكی ئۆكراینا، لە كاتی دوایین سەدانیدا بۆ میكۆلایڤ. لە راگەیاندراوەكەدا، دەزگای ئاسایشی ئۆكراینا روونی كردووەتەوە، كە ئەو ئافرەتە هەواڵدەرە (ناوی ئافرەتەكەیان نەهێناوە)، خەریكی كۆكردنەوەی زانیاریی هەواڵگری بووە، لەسەر دوایین سەردانی سەرۆكی ئۆكراینا بۆ ناوچەی میكۆلایڤ. دەزگاكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، زانیاریی سەبارەت بە چالاكییە تێكدەرەكانی ئەو ئافرەتە گومانلێكراوەی كۆ كردووەتەوە و رێوشوێنی پێویستی بەرامبەر گیراوەتە بەر. كۆتایی مانگی تەمووزی رابردوو، زیلنیسكیی سەرۆك ئۆكراینا سەردانی ناوچەی میكۆلایڤی كرد. بەپێی چاودێریی پەیوەندییەكانی ئەو ئافرەتە، (ئێس بی یو) بۆی روون بووەتەوە، كە ئافرەتەكە ئەركی دیاركردنی پێگەی سیستەمی شەڕی ئەلیكترۆنی و كۆگاكان و چەكوچۆڵی هێزە چەكدارەكانی پێ سپێردراوە. بەگوێرەی لێكۆڵینەوەكان، دەركەوتووە ئەو ئافرەتە، كە ناوی نەهێنراوە، خەڵكی ئۆچاكۆڤی باشووری ئۆكراینا بووە، پێشتر لە یەكێ لە یەكە سەربازییەكان فرۆشیاری سەر كۆگایەكی سەربازی بووە. دەزگای ئاسایشی ئۆكراینا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، ئەو ئافرەتە سەردانی تەواوی ناوچەكەی كردووە و وێنەی ناوچە و پێگەكانی ئۆكراینای گرتووە. لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆكراینا لە 24ی شوباتی 2022، هەردوو وڵات تۆمەتی سیخوڕی و هەوڵی تیرۆر دەدەنە پاڵ یەكدی، ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی، كە بە لانی كەمەوە دەسكەوتێكی راگەیاندنیان لەم هەڵمەتانە دەست بكەوێ، لەكاتێكدا كە جەنگی سەختی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەردەوامە و زیانێكی زۆری گیانی و مادیی لێ كەوتووەتەوە.