لە ئاگر کەوتنەوەیەکدا کە چەند خاوەن پێداویستییەکی تایبەت بۆ پشوودان سەردانیان کردووە نزیکەی نۆ کەس گیانیان لەدەستدا. بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی فریاگوزاری لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا ڕای گەیاند: “لە ڕۆژهەڵاتی فەڕەنسا بەهۆی ڕووداوێکی ئاگر کەوتنەوەی بەهێز لە ماڵێک بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت کە بۆ پشوودان سەردانیان کردووە، بەوهۆیەوە لانیکەم نۆ کەس گیانیان لەدەستدا.” لیوا فیلیپ هۆویڵەر کە سەرکردایەتی کاری ڕزگارکردنی ئاگرکوژێنەوەکان دەکات، گوتی: “تیمەکان بەدوای تەرمی دوو کەسی دیکەدا دەگەڕێن کە پێشبینی دەکرێت لە ئاگرەکەدا مردبن.” ئاماژەی بەوەش داوە: “17 کەس ڕزگارکراون کە یەکێکیان بە هۆی سەختی برینەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.” هۆویڵەر ئەوەشی خستووەتە روو: “تەنها ئەو کەسانەی لە نهۆمی خوارەوە کە لە شوێنی نیشتەجێبوونی تایبەت ماوەتەوە توانیویانە لە ئاگرەکە ڕزگاریان ببێت.” ئیدارەی ناوخۆیی ناوچەی هاوت ڕایانگەیاندووە، کاتژمێر 6:30 خولەکی بەیانی ئاگرەکە کەوتووەتەوە، ئەو 11 کەسەی کە ماونەتەوە لە نهۆمی سەرەوە گیریان خواردووە کە داڕماووە. کریستۆف مارۆت، ئەمینداری گشتیی ئیدارەی ناوخۆیی ڕایگەیاندووە کە سەردانیکەرەکان چەند کەسێکیان تێدایە کە کەمئەندامی هزرییان هەیە. لە رووداوەکەدا 76 تیمی ئاگرکوژێنەوە، 4 ماتۆڕی ئاگرکوژێنەوە و 4 ئەمبولانس، هەروەها چل ئەفسەری پۆلیس بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە و چارەسەرکردنی قوربانییەکان دەستبەکاربوون.