ئاستى بەرهەمى ماسیی ناوخۆ بەرز دەکرێتەوە

بەڕێوەبەرى سامانى ماسى لە وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، لە ڕێگەى چەند پلان و پڕۆژەیەکەوە ئاستى بەرهەمى ماسیی ناوخۆ بۆ پڕکردنەوەى پێویستیی هاووڵاتییان بەرز دەکەنەوە. سیروان سەعید، بەڕێوەبەرى سامانى ماسى بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “ئێستا بەرهەمى ساڵانەى ماسى بە پڕۆژەکان و بەنداوەکان و ماسیى ڕاوکراوەوە دەگاتە حەوت هەزار تۆن، لە کاتێکدا پێویستیی ناوخۆ بە 12 هەزار تۆن پڕ دەبێتەوە”. گوتیشى: “بۆ ئو مەبەستە لە ڕێگەى جێبەجێکردنى چەند پرۆژەیەکى ستراتیجى و کارئاسانى بۆ وەبەرهێنەران و پیشەوەرانى ماسى، دەمانەوێت ئاستى بەرهەمى ساڵانەى ماسى بۆ پڕکردنەوەى پێویستیى ناوخۆ بەرز بکەینەوە”. سیروان سەعید ئاماژەى بەوەش کرد: “بەنداوەکان سەرچاوەیەکى گرنگ و دیارى بەخێوکردن و بەرهەمهێنانى ماسین، بۆیە ئێستا لە ڕێگەى پرۆژەکانى بەرهەمهێنانى پەنجەماسییەوە، بڕى پێویستى پەنجەماسى دەخەینە ناو ئەو بەنداو و ڕووبارانە و تا ئێستاش بە چەند قۆناغێک لە دەربەندى ڕانیە و بەنداوى دووکان و دەربەندیخان و چەند شوێنێکى دیکە ئەو کارەمان ئەنجام داوە”.