زه‌یتی دوو مانگی به‌شه‌خۆراك پێكەوە دابەش دەكرێت

ماوەیەكی زۆرە زەیتی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان دابەش نەكراوە. بەرپرسێكی دابەشكردنی خۆراكیش هەواڵێكی خۆش دەداتە هاووڵاتییان و دەڵێت: “لەم هەفتەیەدا زەیتی دوو مانگی بەشەخۆراك دابەش دەكرێت.” دلێرعەبدولواحید، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “راستە ماوەیەكە بەهۆی كەمبوونەوەی بەرهەم، زەیتی بەشەخۆراك لە بەغداوە نەدەهات، بەڵام كێشەكە چارەسەر بوو، ئێستا زەیت هاتووە و دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.” ئاماژەی بەوەش دا: “زەیتی دوو مانگ هاتووە و ئەمڕۆ لە پشكنین دەردەچێت و دابەش دەكرێت.” لە بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان، بۆ هەر كەسێک یەک دەبە زەیتی یەك لیتری دابەش دەكرێت. دلێر عەبدولواحید، ئاشكراشی كرد، لەم هەفتەیەدا دابەشكردن دەست پێدەكات، گوتیشی: “رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە، زەیتی دوو مانگ، واتا مانگی 6 و مانگی 7 پێكەوە بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەكرێت.” جەختیشی كردەوە، دابەشكردنی هەر بەشەخۆراكێك كاریگەریی لەسەر نرخی خۆراك لە بازاڕدا دەبێت، بەهەمان شێوە، دابەشكردنی زەیتیش كاریگەریی خۆی دەبێت.بەگشتی، بەشەخۆراکی مانگانە پێک هاتووە لە برنج و زەیت و دۆشاوی تەماتە و شەکر و لەتکەنۆک و نیسک و ئارد و لە هەرێمی کوردستان پێنج ملیۆن و230هەزار كەس سوود لەو بەشەخۆراکە دەبینن.