هەردوو وەزیری دەرەوە و کاری حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، گەیشتنە هەولێر و لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە پێشوازییان لێ كرا. لەمبارەیەوە پارێزگای هەولێر ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە، ئەمشەو هەینی 18/8/2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، پێشوازیی لە هەریەک لە د. فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەحمەد جاسم ئەلئەسەدی، وەزیری کاری عێراقی فیدراڵ و شاندی یاوەریان كرد، کە لە پێکهاتبوو لە ژمارەیەك بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتەكان. ئەوەش خراوەتە ڕوو، شاندەكە بە مەبەستی سەردانیکردنی کەمپی ئاوارەکانی هەولێر و دهۆک و سازدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و ئاڵوگۆڕکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.