ڕاوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق دانی بەوەدا نا كە لە سایەی ئەو دۆخەی ئێستا لە عێراقدا دەگوزەرێ، ڕێژەی هەژاری بەرەو هەڵكشان دەچێت و لە كاتێكدا ئێستا شەش ملیۆن و 500 هەزار كەس لە عێراق مووچەی هەژاری وەردەگرن، پێویستە بە زووترین كات ئەو مووچەیە بۆ سێ ملیۆن كەسی تریش ببڕنەوە. سەنا موسەوی راوێژكاری كاروباری چاودێریی كۆمەڵایەتیی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ، لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی (ئەلعێراقییە)ی فەرمی، رای گەیاند كە لە سایەی ئەو دۆخەی عێراقی پێدا تێدەپەڕێت، ڕێژەی هەژاری بەرەو زیادبوون دەچێت و ئێستا شەش ملیۆن و 500 هەزار كەس لە عێراقدا بە مووچەی چاودێریی كۆمەڵایەتیی دەژین. دەشڵێ وەزارەتی پلاندانان پێی وایە كە 21%ی دانیشتوانی عێراق، لەژێر هێڵی هەژارییدا دەژین، بەم شێوەیە بێت واتە نزیكەی نۆ ملیۆن و 500 هەزار كەس لە عێراقدا لە ژێر هێڵی هەژاریدان و پێویستە مووچەی چاودێریی كۆمەڵایەتیی وەربگرن. هەروەها ئاماژەشی بەوە دا كە پێشنیاز هەیە بۆ ئەوەی سواڵكهرانیش بخرێنه ناو لیستی چاودێریی كۆمهڵایهتییەوە و مووچهیان پێ بدرێت. ئەوەشی ئاشكرا كرد كە لیستی چاودێریی كۆمەڵایەتیی لە عێراقدا بەردەوام فرەوانتر دەبێت و ڕێژەی هەژاری بە شێوەیەكی گەورە بەرەو هەڵكشانە.