چاودێرانی سیاسی و ئابووریناسان باس لە بەردەوامیی هەوڵەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتیی بافڵ تاڵەبانی، بۆ جیاكردنەوەی سلێمانی لە هەرێمی كوردستان دەكەن، كە ئەو ئامانجە ئەجێندای ئیقلیمی، شۆڤێنیی عێراقی و یەكێتی لەگەڵ یەكدا كۆ كردووەتەوە. دوای ئەوەی یەكێتی هەوڵەكانی لە بودجەی گشتی (2023، 2024 و 2025)ی عێراق بۆ جیاكردنەوەی بەشەبودجەی سلێمانی لە هەرێمی كوردستان چڕ كردەوە، كە لەوەدا هێزە شۆڤێنییە عێراقی و ئیقلیمییەكانی دژ بە هەرێمی كوردستان پاڵپشتییەكی بەهێزی بوون، ئێستاش یەكێتی لە ڕێگەی هەندێ لە پەرلەمانتارەكانیەوە، كار دەكەن بۆ شەرعییەتدان بە كردنەوەی لقی بانكی ناوەندی لە سلێمانی، ئەمە لە كاتێكدا زۆر لەمێژە ئەو لقە بە نایاسایی لەو شارەدا كار دەكات، ئەم هەنگاوەی یەكێتی ئەوەش نەك بە ئامانجی ئاسانكاری بۆ مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان، بەڵكوو بەو ئامانجەی لە داهاتوودا ئەو لقە ببێتە ڕێگایەك بۆ بچووككردنەوەی سلێمانی و مامەڵەكردنی لەلایەن عێراقەوە وەكوو پارێزگایەك لە عێراق، نەك وەكوو پارێزگایەكی هەرێمێكی فیدڕاڵ لە عێراقدا. لەمبارەوە، محەمەد وانی، نووسەر و چاودێری سیاسی، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند: ”بێ گومان ئەو هەوڵەی یەکێتی پەیوەستە بە هەوڵەکانی بەردەوامی پێشووی بۆ جیاکردنەوەی بودجەی سلێمانی لە بودجەی هەرێمی كوردستان و مامەڵەکردنی عێراق وەكوو پارێزگایەك لەگەڵ سلێمانیدا، هەركاتێك ئەوەشی بۆ هاتە دی، واتا لەو کاتەی بەغدا باری دارایی سلێمانی لە هەولێر جیا کردەوە و بە شێوەیەکی سەربەخۆ مامەڵەی دارایی لەگەڵیدا كرد، ئەوا ئەوکات یەكێتی بەئاشكرا جاڕی جیابوونەوەی سلێمانی لە هەرێمی كوردستان دەدات، كە ئەوە ستراتیژییەتی یەکێتییە ئەگەر بۆی بكرێت، لێرەشدا ئەو هەوڵە بەشێكە لە هەوڵەكانی ئەجێندای ئیقلیمی و شۆڤێنییە عێراقییەكان لە بەرگی ئەم سەردەمەدا.“ لای خۆشیانەوە، ئابووریناس، د.ئیدریس رەمەزان، شارەزا لە كاروباری بانكی، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، لە كات و ساتێكدا كە ئەو جۆرە ناوەندە ئابوورییانەی وەكوو بانك ببن بە ناوەندێكی رامیاری و هەندێ لایەن بۆ مەرامی سیاسیی خۆیان بەكاری بهێنن، ئەوە كارێكی ئاسایی نییە و لەوانەیە ببێتە ئەگەرێكی سەرەكی بۆ لێدان لە قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان، گوتیشی: ”ئەكتیڤكردنی لقەكانی بانكی ناوەندی لە هەرێمی كوردستان ئەگەر ئامانجی رامیاری لەدواوە نەبێت، هەنگاوێكی باشە، بەڵام ئەوەی دركی پێدەكرێت، هەوڵەكان سیاسی و بۆ لێدانە لە پێگەی هەرێمی كوردستان، كاتێك بابەتە نەختینەیی و بانكییەكان دەبن بە ئامراز بە دەستی لایەن و حزبێك، یان بۆ بانگەشەی سیاسی بەكار دەهێنرێت، ئەوە یەكسەر ئامانجەكە دەردەكەوێ، كە خزمەتی گشتی نییە، بەڵكوو ئەجێندای سیاسییە.“