شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرایکرد کە بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری وڵاتانی ئەورووپا دەگرێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت ببێتە ھۆی نزمبوونەوەیەکی نا ئاسایی پلەکانی گەرما و ھاتنی زستانێکی پێش وەختە لە زۆرێک لە ناوچەکەدا. ئەمڕۆ یەکشەممە 20/8/2023، ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە: “لەماوەی ھەفتەی داھاتوودا چاوەروان دەکرێت بارستە ھەوایەکی ساردی جەمسەری کاریگەری درێژببێتەوە بۆ سەر وڵاتانی باکوور، ناوەند و رۆژئاوای ئەورووپا و ببێتە ھۆی نزمبوونەوەیەکی نا ئاسایی پلەکانی گەرما و ھاتنی زستانێکی پێش وەختە لە زۆرێکی ناوچەکەدا لەگەڵ بارانبارین و بارینی بەفر لە چیاکاندا.” ئەوەشی خستووەتە روو: “پاش ئەوەی لەماوەی رابردوودا شەپۆلی گەرمای بەھێز دووچاری ناوچەکە بوو کە ھەندێ وێستگە ریکۆردی نوێی تۆمار کردبوو لەم قۆناغەشدا ئەگەر ھەیە بەشێوەی تۆمارکراو پلەکانی گەرما نزمببنەوە کە بۆ نموونە لەناوچەیەکی فەرەنسا لە ئێستا و رۆژانی داھاتوودا پلەی گەرمی تا 20 پلەی سەدی بەرز دەبێت، ھەفتەی داھاتوو نزمدەبێتەوە بۆ خوار 20 پلەی سەدی.” ئاماژەشی بەوە داوە: “کاریگەریی ئەم بارستە ھەوایە لە کۆتاییەکانی مانگ بۆ رۆژەکانی سەرەتای مانگی داھاتوو (ئەیلول) بەشێوەیەکی لاواز درێژ دەبێتەوە بۆ باشووری ئەووروپا و رۆژھەڵاتی ناوچەکە و سەر دەریای ناوەراست و ئەمەش دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی کاریگەری ئەو بارستە ھەوا گەرمانەی لەسەر ناوچەکانی رۆژھەڵاتی ناوەراست ھەیە، ھەروەھا نیشانەیەکی باشە بۆ زوو دەستپێکردنی بارانبارین لەناوچەکەدا کە لەم کاتەدا دەرکەوتووە بە دووبارە بوونەوەیان و ھاتنی ھەوای ساردی زیاتر بۆ سەر دەریای ناوەراستیش شەپۆلەکانی باران و کەشی پاییزە لە ناوچەکەدا پێش دەخات، ھەرچەندە گۆڕانکارییەکان زۆردەبن لە پێشبینی دووردا وردبینی کەمتر دەبێت، بەڵام ئاماژەکان و گۆڕانکارییەکان بە گشتی باش و دڵخۆشکەرن.”