کارتێکی تایبەتی ئاسانکارییەکی بۆ هاتووچۆ و گەشتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دەکرێت و هەرێمی کوردستانیش ئاسانکاری بۆ هاتنی گەشتیارانی ئێران دەکات. بەپێی ڕاگەیاندراوی پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی ئابی 2023، لە دیوانى پارێزگا، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر پێشوازی لە نەسڕوڵڵا ڕەشنودی، سەرکونسڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر و شاندێکى یاوەرى کرد. ئاماژە بۆ ئهوه کراوە کە جەخت لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان و هەماهەنگی و هاوکاری نێوانیان کردووە و ئومێد خۆشناو سەبارەت بە هاوکاری و ئاسانکارییانەی پێشکەشکردن بە زیارەتکارانی ئێران بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق، دەڵێت: ” تەئکیدمان لەوەکردەوە بۆ پیشوازیکردن لە زیارەتکارانی ئێران لە دەروازەى سنووری نێودەوڵەتی حاجى ئۆمەران بۆ نێو خاکى هەرێمى کوردستان تاکو دوا خاڵی سنووری پارێزگاکەمان کە شێراوەیە، هەموو ئامادەکارییەکمان لە ڕووى پێشکەشکردنى خزمەتگوزاریى و فریاگوزاری پێویست کردووە و کارەکان تاکو ئێستا زۆر بەباشی بەڕێوە دەچن، وەک حکوومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى هەولێریش ئەوەی لە تواناماندا بێت لە هاریکاری و ئاسانکاری پێشکەشی دەکەین، دڵنیاشتان دەکەینەوە، پاراستنى سەلامەتى زیارەتکاران لە هاتن و چوونیان لە ئەولەویەتى کارەکانمانە.” بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا، باس لە هاتووچۆ و گەشتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان کراوە لە نێوان هەردوولادا.ئەوەش هاتووە: “سەبارەت بەو پرسەش شاندی میوان پوختەیەکیان لەو ڕێکار و رێوشوێنانە پێشکەش کرد، کە لە چوارچێوەی دروستکردنی کارتێکی تایبەتی ئاسانکارییەکی زۆریان کردووە بۆ هاتووچۆ و گەشتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران”.ئومێد خۆشناو، گوتی: “وێڕای دەستخۆشی بۆ داڕشتنی ئەو ڕێکار و ڕێوشوێنانەی دیاریانکردووە، کە مایەی ڕەزامەندیمانە و خۆشحاڵین کە خاڵێکی دیکە لە خاڵەکانی ڕێککەوتنامەکانی دوو ساڵی ڕابردووی نێوان پارێزگاى هەولێر و پارێزگای ئازاربایجانی ڕۆژئاوا(ورمێ) جێبەجێ دەکرێت، لە داوای واژۆکردنى ڕێککەوتنامەکەش زۆربەی زۆری خاڵەکانى لەلایەن هەردوولامانەوە جێبەجێکراوە، خواستی پێشکەشکردنی ئاسانکاری و هاریکاری هاتووچۆی هاووڵاتییانیش بە ئوتۆمبێلی خۆیان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێک بووە لەخاڵەکانی ڕێککەوتنی نێوانمان و داخوازیی ئێمە بووە، بۆیە دڵنیامان کردنەوە لە نزیکترین دەرفەتدا، دوای دیراسە و کار لەسەرکردن بەپێى ڕێکار و ڕێنماییە بەرکارەکانی هەردوو وڵات دەیخەینە بواری جێبەجێکردنەوە”.
کارئاسانی بۆ گەشتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و ئێران دەکرێ
