بەڕێوەبەری ئەوقافی ئیدارەی سۆران دەڵێت، لە سنوورەكەمان زیاتر لە 145 مامۆستای ئایینیی خۆبەخش لە مزگەوتەكان هەن، تا ئێستا چەندین جار سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینییە دیاریی پێشكەش كردوون. د. پشتیوان سرێشمەیی، بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”سنووری بەڕێوەبەرایەتیمان سەرجەم شار و شارۆچكە و گوندەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەخۆ دەگرێت و لە زۆربەی قەزاكان تێبینەرایەتیی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان كراوەنەتەوە و 145 مامۆستای ئایینی كە پێك هاتوون لە پێشنوێژ و وتارخوێن لە مزگەوتەكانی ئەم سنوورانە بە شێوەی خۆبەخشانە خزمەت دەكەن.” بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران ئاشكراشی دەكات: “خۆشبەختانە تا ئێستا چەند جار لە ڕێگەی وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی و لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دیارییان پێشكەش كراوە”.
بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران: سەرۆكی حكوومەت چەندین جار دیاریی پێشكەش بە مامۆستایانی ئایینیی خۆبەخش كردووە
