بەرپرسێكی حكوومەتی فیدراڵی رای گەیاند منداڵان کە نوێنەرایەتی 40%ی کۆمەڵگەی عێراقی دەکەن، بارودۆخە سەختەکانی وڵات کاریگەری و ڕەنگدانەوەی نەرێنییان لەسەر ژیانیان جێهێشتووە. عەبدولزەهرا ئەلهنداوی گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراقی فیدراڵ لە لێدوانێکدا بۆ میدیا عێراقییەکان، گوزارشت لە گەورەیی ئەو قەیرانانە دەکات کە بەرۆکی ملیۆنان منداڵی گرتووە و دەڵێ. لە وڵاتێکدا کە ڕێژەی هەژاری 20٪ی دانیشتووان تێدەپەڕێت، منداڵان بەهۆی زیادبوونی توندوتیژی خێزانی و کۆمەڵایەتی، ژیانێکی دژوار دەگوزەرێنن. ئاماژەی بەوەش کردووە، زیاتر لە یەک ملیۆن منداڵ بەدەست بێبەشبوون لە خۆراک و چاودێری تەندروستی و خوێندنەوە دەناڵێنن. شارەزایان و کۆمەڵناسان هۆشداری دەدەن کە کارکردنی منداڵان و پراکتیزەکردنی توندوتیژی بەرامبەریان لە ژینگەی خێزانی و کۆمەڵایەتیدا دەبێتە هۆی زنجیرەیەک قەیرانی ئەمنی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی كە لە داهاتوودا بەرۆكی وڵاتەكە دەگرن.