رۆژنامەی (العربي الجديد): توركیا داوای لە عێراق كردووە پەكەكە وەك تیرۆریست بناسێنێت

كۆتایی هەفتەی رابردوو، هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستانی كرد، ڕۆژنامەیەكی عەرەبیش ئاشكرای دەكات كە لەو سەردانەیدا داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق كردووە، بە فەرمی پەكەكە وەك گرووپێكی تیرۆریستی بناسێنن. لەمبارەیەوە ڕۆژنامەی (العربي الجديد) لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كرد كە یەكێك لە داواكارییەكانی توركیا لە میانی كۆبوونەوەكانی هاكان فیدان لەگەڵ سەركردەكانی عێراق، ئەوەبووە كە عێراق بە فەرمی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) وەك گرووپێكی تیرۆریستی بناسێنێت و كار بكات بۆ ئەوەی ڕێگە لەوە بگرێت، پەكەكە خاكی عێراق بۆ هێرشی چەكداری بۆ نێو سنووری دەوڵەتی توركیا بەكار بهێنێت.  بەپێی هەمان راپۆرت، هاكان فیدان ”بەڵگەنامە و وێنەی ئاسمانیی بە بەرپرسانی عێراقی نیشان داوە كە تێیاندا دەردەكەوێت، چۆن چەكدارانی پەكەكە لەنێو سنووری دەوڵەتی عێراق دەچنە توركیا و هێرشەكانیان ئەنجام دەدەن، هەروەها چۆن چالاكیی چەكداری لە قەندیل و مەخموور و سیدەكان و زاب و هەندێك ناوچەی سلێمانی دەكەن.  هەر بەپێی هەمان راپۆرت، هاكان فیدان باسی پەیوەندیی نێوان یەكێتی و پەكەكەشی كردووە و ئاشكرای كردووە كە لە سلێمانیدا لایەنێكی سیاسیی كوردی ئاسانكاری بۆ پەكەكە دەكات كە ڕۆژنامەكە دەڵێت، ”مەبەستی لەو لایەنە سیاسییە كوردییە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە كە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكایەتی دەكات.“ ئەوەش ڕوون كراوەتەوە كە توركیا چاوەڕوانی وەڵامی لایەنی عێراقییە لەسەر داواكارییەكانی، بە دیاریكراویش لەبارەی پارتی كرێكارانی كوردستان، تەنانەت چارەنووسی سەردانەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیاش بۆ عێراق، پەیوەستە بەو وەڵامەوە. لە لایەكی دیكەوە، ڕۆژنامەكە ئاماژەی بە تویتێكی توێژەرێكی سیاسیی عێراقی بە ناوی (موجاهید تائی) داوە لەبارەی داواكارییەكەی هاكان فیدان كە نووسیویەتی: ”عێراق چۆن دان بەوەدا دەنێت پەكەكە گرووپێكی تیرۆریستییە لە كاتێكدا حكوومەتی عێراق مووچەی مانگانە بە چەكدارەكانی دەدات؟ هیچ حكوومەتێك هەیە مووچە بە تیرۆریستان بدات؟“ ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ یەكینەكانی پاراستنی شنگال (كە هێزێكی سەر بە پەكەكەیە و مووچە لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی وەردەگرێت).