مامۆستایەكی زانكۆ سۆران دەڵێت، بیانووی حكوومەتی عێراق دەستووری نین، چونكە بەپێی ماددەی 121 بڕگەی دووەم و سێیەم مافی حكوومەتی هەرێمە بەشێك لە داهاتەكان بۆ خۆی بەكار بهێنێت.
د. سانع شەریف، مامۆستای زانكۆ لە فاكەڵتی یاسا و زانستە سیاسییەكان و بەرێوەبردن لە زانكۆی سۆران، ڕاگەیاند: “پێویستە حكوومەتی عێراق كێشەیەكی وەك مووچە تێكەڵ بە پرسە سیاسییەكان نەكات و هاوشێوەی هاووڵاتیی عێراقی بەپێی ماددەی ١٤ی دەستوور، لەسەر بنەمای یەكسانی، مافە داراییەكانیان بدات، هەروەها بیانووی حكوومەتی عێراق دەستووری نین، وەك داوای 100% داهاتە نانەوتییەكان دەكات، چونكە بەپێی ماددەی 121 بڕگەی دووەم و سێیەم، مافی حكوومەتی هەرێمی کوردستانە بەشێك لە داهاتەكان بۆ خۆی بەكار بهێنێت، نەك ادوای كۆی داهاتەكانی لێ بكرێت”.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ ئاماژەی بەوەش دا: “گرنگە پرسی نەتەوە لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكەوە بێت، كەچی بەشێك لە لایەنەکانی كورد پاڵپشتیی حكوومەتی عێراقیان دەكرد، لەوەی ئەگەر نەوتەكە بچێتە ژێر دەستی حكوومەتی ناوەند، گوایە هەموو شت باش دەبێت و مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دەنێردرێت، دەبێت ئێستا وەڵامی ئەو حزب و لایەنانە بۆ خەڵكەكە چی بێت، ئەوە مانگی ئابیش تێ پەڕی، كەچی حكوومەتی عێراق پابەند نەبووە و تەنها دوو سێ جار بڕە پاریەكی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ناردووە، ئەوەیش وەك قەرزێك لەسەر جكوومەتی هەرێم هەژماری دەكەن”.
دەشڵێت: “هەرچەندە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نیازپاكی و پابەندبوونی خۆی نیشان داوە، بەڵام حكوومەتی ناوەند پابەندییەكانی بە پێدانی شایستە داراییەكانی هەرێمی کوردستان وەك لە یاسای بودجەی عێراق و ڕێكکەوتننامە سیاسییەكاندا بۆ پێكهێنانی حكوومەتی ئێستای عێراق جێبەجێ نەكردووە، ئەوەش پێچەوانەی دەستوور و پێشێلكردنی مافەكانی خەڵكی كوردستانە”.
ئەوەش دەخاتە ڕوو: “بەداخەوە بەشێك لە لایەنەکانی كورد هاودەنگن لەگەڵ ئەم ئاراستە سێبەرەی سەر حكوومەتی ناوەندی، ئەمەش كاریگەریی نەرێنی هەبووە لەسەر ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی کوردستان و پێم وایە هەڵەیەكی گەورەیە دەیكەن، پێویست بوو پاڵپشت و هاوكاری حكوومەتی هەرێمی کوردستان بن، نەك بە پێچەوانەوە دژی هەرێمەكەیان كار بكەن.”