پەرلەمانتارێكی پارتی: پارتی لە 31ی ئابدا سەركەوتووانە هەولێری لە خیانەتكارانی یەكێتی پاك كردەوە

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە توندی وەڵامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەداتەوە و پێشنیاز دەكات ناوی ئەو حزبە بۆ یەكێتیی خیانەتكارانی كوردستان بگۆڕدرێت.

مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە كاتێكدا كەمتر لە مانگێك ماوە بەسەر ئەو خیانەتەی لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا بە زۆرینەی دەنگی سەركردایەتیی حزبەكەی خۆیان و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی بافڵ تاڵەبانی كردیان، كەچی بە بۆنەی نزیكبوونەوەی ڕۆژی مێژوویی 31ی ئاب كە بووە هۆی ڕاماڵینی یەكێتی و سوپای پاسدارانی ئێران كە ئەوكات حزبەكە هێنابووی تا قەوارەی كوردستانیان رادەست بكات، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردۆتەوە و تێیدا هێرشی توندی كردۆتە سەر پارتی.

لە بەرامبەردا مەریوان قەرەنی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە (باسنیوز)ی راگەیاند، 31ی ئاب ڕۆژێكی مێژووییە و وەرچەرخانێكی گرنگە لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستاندا، چونكە بووە هۆی ڕاماڵینی سوپای داگیركەری وڵاتێك و جاشەكانیان لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.

ڕوونیشی كردەوە: “بەداخەوە یەكێتی لەو ڕۆژەوەی دروست بووە تاوەكوو ئەمڕۆ، لەسەر خیانەت و خۆفرۆشی دەژی و بوونی ئەو حزبە و مانەوەشی بە خیانەتەوە بەندە و هەرچەندە ناوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، بەڵام بەهۆی زۆریی خیانەتەكانی، هەقوایە ناوی بۆ یەكێتیی خیانەتكارانی كوردستان بگۆڕێت.”

مەریوان قەرەنی باسیشی لەوە كرد كە یەكێتی لە ساڵانی شەستەكاندا بەهۆی خیانەتەكەیان بە “جاشی شێست و شەش” ناسران، لە حەفتاكاندا چەندانجار چوونە پاڵ حزبی بەعس، لە هەشتاكاندا هەر مەقاشی دەستی بەعس بوون و دژی پارتی و شیوعی و حزبەكانی دیكە شەڕی دەكرد و لەپێناو بەعسدا قەتڵوعامی خەڵكیان دەكرد كە هەر پارتییەكان قوربانیی ئەو قەتڵوعامە نەبوون، بەڵكوو زۆر خەڵكی تریش قوربانین لەوانە قەتڵوعامی شیوعییەكان لە قڕناقە و پشتئاشان.

گوتیشی: “هەر ئەو یەكێتییە، لە نۆوەدەكاندا دیسان هەر ڕۆژەی خیانەتێكی دەكرد و جاشی لایەنێك بوو، ئێستاش بەڵگەی ڤیدیۆیی بەردەستە كە چۆن سوپای پاسدارانیان هێنایە سەر كوردستان بۆ ئەوەی هەموو قەوارەی كوردستانیان تەسلیم بكەن و ئەگەر پیلانەكەیان سەری بگرتایە، هەزاران كەس لە كوردستان شەهید و بریندار دەبوو.”

بە گوتەی مەریوان قەرەنی، یەكێتی لە قۆناغی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسیش، هەر لە خیانەتەكانی بەردەوام بووە، ماوەیەكی زۆر بۆتە پارێزەری بەعسییەكان، باشترین نموونەش ئەوەیە كە یەكێتی پۆستی بە وەفیق سامەڕایی، سەرۆكی هەواڵگریی عێراق لە سەردەمی بەعس داوە و تاریق رەمەزانی فڕۆكەوانی ئازاد كردووە كە هەڵەبجەی كیمیاباران كردبوو. “جگە لەوەی هەمیشە وەك خیانەتكارێك لەگەڵ ئێرانیش بوون، هەر یەكێتیش بوو پێشنیازی بۆ مالیكی كرد بودجەی كوردستان ببڕێت و دواتر بوونە كەواسووری بەرلەشكر و لە 16ی ئۆكتۆبەردا كەركووك و زیاتر لە نیوەی خاكی كوردستانیان تەسلیمی میلیشیاكانی سەر بە ئێران كرد.”

ئەوەشی دووپات كردەوە كە هیچ هۆكارێك نییە بۆ ئەوەی یەكێتی ناوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بێت، بەڵكوو “هەموو هەڵوێستەكانی مێژووی یەكێتی پێمان دەڵێ ئەو حزبە ناوی یەكێتیی خیانەتكارانی كوردستانە.”

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی باسیشی لەوە كرد كە بەعس حزبێكی زۆر خراپ بووە و ڕژێمی عێراقیش دیكتاتۆر بووە، بەڵام پارتی وەك تاكە حزبی نیشتمانی لە كوردستان، زۆر عاقڵانە و كوردانە توانی سوپای بەعس بۆ ڕزگاركردنی كوردستان لەدەست خیانەتكارانی یەكێتی و ئەو سوپای پاسدارانە بەكار بهێنێت كە یەكێتی هێنابووی تاوەكوو قەوارەی كوردستانی تەسلیم بكات، دواتریش سوپای عێراق بە بێدەنگی گەڕایەوە شوێنی خۆی بەبێ ئەوەی هیچ زەرەرێك بە قەوارەی هەرێمی كوردستان بگات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *