سەرۆکى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان ئاشکراى کرد لە میانى سەردانەکەیان بۆ بەغدا لە ڕەوشى خوێندنى کوردییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەر کەوتووە کە ڕووبەڕووى زۆرترین گرفت بووەتەوە.
ئەحمەد گەرمیانى، سەرۆکى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان، اگەیاند: “لە میانى سەردانى چەند ڕۆژەمان بۆ بەغدا چەندین کەسایەتیى سیاسى و پەروەردەییمان لە ئاستى باڵا بینى و بەدەر لە بابەتى پەروەردەیى و مامۆستایان لە ڕەوشى خوێندنى کوردیشمان لە بەغدا کۆڵییەوە”.
گوتیشى: “لەوێ سەردانى بەشى کوردیمان لە کۆلێژى پەروەردەى بنەڕەتى کرد، بۆمان دەر کەوت کە کۆلێژەکە پشتگوێ خراوە و لەناو کێشە و گیروگرفتێکى قووڵى خوێندندایە، بە جۆرێک مامۆستاى پسپۆڕى وانەکانیان نییە و حکوومەتى عێراق پشتیوانییەکى ئەوتۆیان ناکات، بەوەش ژمارەى قوتابییان بە شێوەیەکى بەرچاو کەم بووەتەوە”.
ئەحمەد گەرمیانى ئاماژەى بەوەش کرد: “هەموو ئەو گرفتانەمان لەگەڵ بەرپرسانى عێراق باس کرد و ئەوان پێیان گوتین کە بە نووسراو ئاراستەیان بکەین بۆ ئەوەى کارى لەسەر بکەن. بەدەر لەوەش، ئێمە لایەنى پەیوەندیدارى حکوومەتى هەرێمیش لەو گرفتانە ئاگادار دەکەینەوە”.