ئەمڕۆ هەینی لە هەڵمەتێكی پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانی قەزای سۆران، لە ناو بازاڕ و بەردەم مزگەوت و شوێنە گشتییەكاندا، زیاتر لە 58 سواڵكەر دەستگیر كران، كە پێكهاتبوون لە پیاو و ئافرەت و منداڵ.
شەماڵ دێواری گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران بە ی ڕاگەیاند، ڕۆژی هەینی بەشی پۆلیسی شارەوانی لە هەڵمەتێکی فراواندا لە چەند شوێنێکی جیاوازدا وەک مزگەوت و بازاڕ و کۆڵانەکان و چوارڕیانەکان، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشی پۆلیسی ناو شار و بەشی پۆلیسی فریاکەوتن و بەشی نەهێشتنی تاوانی سۆران و ئاسایشی ناو شاری قەزای سۆران، زیاتر لە 58 سواڵكەریان دەستگیر کرد، کە لە پیاو و ژن و منداڵ پێکهاتبوون، لە ژێر ناوی جیا جیا سواڵیان دەكرد و بووبوونە مایەی بێزارکردنی هاووڵاتییان”.
گوتیشی ئەم سواڵكەرانە بە فەرمانی دادوەر ڕاگیراون، تاکو ڕێکەوتی 3-9-2023 بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵیان، ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 14 ساڵیە بە پڕکردنەوەی بەڵێننامە ئازاد کران، ئەوانی دیكەش لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت.