گوتەبێژى دەستەى گشتیى گەشتوگوزارى هەرێمى کوردستان ئاشکراى کرد، دیزاینى 70 پرۆژەى گەشتیارییان لە ناوچە جیا جیاکان تەواو کردووە و ئێستا ئامادەیە بۆ ئەوەى وەبەرهێنەرانى بیانى و ناوخۆى وەریبگرن و جێبەجێیان بکەن.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژى دەستەى گەشتوگوزار، بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “یاساى وەبەرهێنان کارئاسانى و مەرجى زۆر گرنگى بۆ هەموو بوارەکان و بوارى گەشتوگوزار تێدایە، لەو ڕووەوە دیزاینى 70 پرۆژەى گەشتیاریمان ئامادە کرد کە لە ناوچە جیا جیاکانى هەرێمى کوردستان جێبەجێیان بکەین”.
گوتیشى: “پرۆژەکان بەپێى پێویستى و گونجاویى ناوچەکانن کە پێک دێن لە دروستکردنى هۆتێل و مۆتێل و شوێنى مانەوەى گەشتیاران و پرۆژەى گەشتیاریى زستانە و باخچەى ئاژەڵان و کۆمەڵگەى گەشتیارى کە هەموو خزمەتگوزارییەکى گەشتیارى لەخۆى بگرێت”.
باسى لەوەش کرد: “ئێستا ئەو پرۆژانە ئامادەن بۆ ئەوەى وەبەرهێنەرانى ناوخۆ، یان بیانى وەریان بگرن و بیانخەنە بارى جێبەجێکردنەوە، کە بەدڵنییاییەوە زۆر هەلى کار و بووژانەوەى کەرتى گەشتیارى و زیادبوونى ژمارەى گەشتیاران و زیادبوونى داهاتى تاک و حکوومەتیان لێ دەکەوێتەوە”.