ئەمڕۆ سێشەممە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف، شەڕێكی گەورە لەسەر فڕۆكەیەكی لەكاركەوتووی ئێرانی دروست بوو، دوای ئەوەی فڕۆكەكە بەهۆی كێشەیەكەوە دوو جار فڕینی دواخستووە، گەشتیارێك هەوڵی داوە وێنەی بگرێ، بەڵام كارمەندانی فڕۆكەخانە ڕێگرییان لێ كردووە و شەڕ دروست بووە.
میدیاكانی عێراق لە زاری چەند شایەتحاڵێكیان گواستەوە لەناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف، كاتێك یەکێک لە سەرنشینەکان وێنەی فڕۆکەیەکی ئێرانی گرتووە کە بەهۆی کەموکوڕییەکی تەکنیکیەوە دوو جار نەیتوانیوە هەڵبفڕێت و سەرنشینانی ناو فڕۆکەكە ناڕەزاییان لێ بەرز بووەتەوە و ڕەخنەیان لە كۆمپانیا ئێرانییەكە و فڕۆكەخانەكەش گرتووە، كە خزمەتگوزاری چاككردنەوەیان بەردەست نەبووە.
بەپێی زانیارییەكان، وێنەگرتنی فڕۆکەکە بووەتە هۆی ئەوەی یەکێک لە کارمەندەکانی فڕۆکەخانەكە قسەی نەشیاو بە ڕێبوارەکە بڵێ، دواتر كێشە دەكەوێتە نێوان کارمەندانی فڕۆکەخانەکە و دەبێتە شەڕ و پێکدادان، لە ئەنجامدا كارمەندێكی فڕۆكەخانەكە بریندار دەبێ.