وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە: دواى هەڵسەنگاندنى فۆڕمى یەکەى نیشتەجێبوون، ڕێنوێنیى پێدانى یەکەکان دەردەکرێت

گوتەبێژى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئاشکراى کرد، تا ئێستا نزیکەى 18 هەزار فۆرمى یەکەى نیشتەجێبوون پڕ کراوەتەوە و دواى هەڵسەنگاندنیشیان، ڕێنوێنى و مەرج بۆ پێدانى یەکەکان دەر دەکرێن.

مەریوان حەسەن، گوتەبێژى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “دواى ئەوەى مانگێگ پێش ئێستا لە ڕێگەى ئۆنلاینەوە فۆرمى پێدانى یەکەى نیشتەجێبوون کارا کرا، تا ئێستا نزیکەى 18 هەزار فۆرم پڕ کراوەتەوە کە بڕیارە تا رۆژی 1/12/2023 بەردەوام بێت و هەر خێزانێکیش بە ناردنی داواکارییەکەی لە ڕێی ئەژماری تایبەت بە خۆی بەردەوام بێت”.

گوتیشى: “دواى تەواوبوونى وادەى پڕکردنەوەکە هەڵسەنگاندن بۆ فۆرمەکان دەکرێت و ڕێنوێى و مەرج بۆ پێدانى یەکەکان دەردەکرێت کە یەکەکان بدرێنە کام چین و توێژ.”

باسى لەوەش کرد: “جیا لە یەکەکانى نیشتەجێبوون کە کەرتى تایبەت دروستیان دەکات، ئێستا نۆ هەزار یەکەى نیشتەجێبوون لە ناوچە جیا جیاکانى هەرێمى کوردستان دەست بە دروستکردنیان کراوە و بەشێکیان تەواو کراون و دواى تەواوبوونى وادەى پڕکردنەوەى فۆرمەکان و دەرکردنى مەرج و ڕێنوێنییەکان دەدرێنە هاووڵاتییان”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *