پرۆژەى هۆشیاریى ڕیسایکلینی خۆڵ و خاشاک جێبەجێ دەکرێت

گوتەبێژى دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگەى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، لە ڕێگەى بڵاوکردنەوەى هۆشیارى و کردنەوەى خول و پێشەنگا پرۆژەى ڕیسایکلردنى خۆڵ و خاشاک جێبەجێ دەکەن.

عەبدولڕەزاق خەیلانى، گوتەبێژى دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگە بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “بوونى خۆڵ و خاشاک و تێکەڵییان، گرفتێکى پیسبوونى ژینگەیە بۆیە بە قۆناغ و بەهاوکاریى وەزارەتە پەیوەندیدارەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەمانەوێت بە شێوەیەکى زانستى ئەو گرفتە چارەسەر بکەین”.

گوتیشى: “بۆ ئەو مەبەستە بڕیارە لەلایەن ڕێکخراوێکى ئیتاڵى پێشەنگایەکى فێرکاریى جیاکردنەوەى پاشماوە فڕێدراوەکان بکرێتەوە و خوازیارانى ئەو بوارە لە نزیکەوە شارەزای چۆنێتیى جیاکردنەوەى خۆڵ و خاشاکەکان و گۆڕینیان بۆ کەرەستەى سوودلێوەرگیراو بکرێن کە کاریگەرییشى دەبێت هاووڵاتى کە هەر لە ماڵى خۆى پاشماوەکان جیا بکاتەوە، بەوەش کاریگەریى پیسبوونى ژینگە کەمتر دەبێتەوە.”

باسى لەوەش کرد: “وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار پلانى دانانى ژمارەیەک کارگەى ڕیسایکلینى لە شار و شارۆچکەکان داناوە، بەوەش بە شێوەیەکى زانستى خۆڵ و خاشاک لەبرى فڕێدان و پیسکردنى ژینگە و خاک و ئاو دەگۆڕدرێت بۆ کەلوپەلى سوودلێوەرگیراو”.

گوتەبێژى دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگە باسى لەوەش کرد: “بەدەر لەوە، لە ڕێگەى دانانى چاودێرى ژینگەوە لەسەر پرۆژەکانى کەرتى تایبەت دەتوانین بەشێکى گرفتى پیسى و بایەخنەدان بە ژینگە چارەسەر بکەین، لەو ڕووەوە تا ئێستا 200 دەرچووى ژینگە بە کرێ و مووچەیەکى مانگانە خراونەتە سەر پرۆژەکان”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *