حەفتەی ڕابردوو لە میدیاکانی ئێران بڵاو کرایەوە کە ژنێک حەفت هاوسەری خۆی کوشتووە و لە لایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کراوە.
بە پێی ڕاپۆرتەکان، ئەم ژنە ناوی کەلسوومە و 56 ساڵە، خەڵکی باکووری ئێرانە و تا ئێستا بە شێوەی مسیار شووی بە 13 کەس کردووە، کە هەر هەموویان مردوون، رۆژنامەیەکی ئێران لەمبارەوە ڕای گەیاندووە کە یەک کەس لە هاوسەرەکانی ئەم ژنە توانیویەتی لە دەستی ڕزگاری بێت.
لە بەشیک لە ڕاپۆرتی رۆژنامەی “ئیعتیماد” هاتووە، کەلسووم سێ ساڵ پێش ئێستا مێردی بە پیاوێکی تەمەن 82 ساڵ کردووە و شەوێک دەرمانی لە خواردنەکەی کردووە و بە تەما بووە دوای ئەوەی خەوی لێ کەوت، بیکوژێ کە دەرمانەکە لەسەری کاریگەر نەبووە و ئەو کاتەی ویستوویەتی بیکوژێت، پیاوەکە بە خەبەر بووە و ژنەکەی لەدەستی هەڵدێت.
ئەم پیاوە بە بنەماڵەکەی گوتووە کە کەلسووم ویستوویەتی بە لەچکە بیخنکێنێت و ئەو لە حاڵێکدا زۆر گێژ بووە، بەڵام توانیویەتی بەرگری لە خۆی بکات و پاڵی پێوە ناوە، لە ماڵەوە هەڵهاتووە.
ئەم بنەماڵەیە چیدی بە دوای ئەو ژنەدا ناگەڕین، بەڵام دواتر کە لە رۆژنامەکان وێنەکەی دەبیننەوە زۆر شۆک دەبن و سەردانی پۆلیس دەکەن و بابەتەکە دەگێرنەوە.
لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە کەلسووم نێچیرەکانی خۆی لە نێو پیاوانی تەمەن 70 ساڵ بۆ سەروو هەڵبژاردووە، لەم چەند ساڵەدا 13 جار شووی مسیاری لەگەڵ پیاوانی بەتەمەن ئەنجام داوە.
لە دوای ئەوەی کە دوو حەفتە پێش پیاوێکی تەمەن بە شێوەیەکی نادیار گیانی لەدەست داوە و پۆلیس کەیسەکەی وەردەگرێت و بەدواداچوون بۆ بابەتی مەرگی گوماناوەی پیاوەکە دەکات، ئەم ژنە کە ژنی میسیاری ئەو کابرا بووە، دەستبەسەر دەکرێت کە دواتر لە دانپێداناندا ڕایگەیاندووە، حەبی زەختی لە ئاوی خواردنەوە کردووە پێی داوە کە بیخواتەوە و دوای ئەوەی تەندروستی پیاوەکە تێک چووە، خنکاندوویەتی و دەرکەوتووە کە کەسێکی دیکەیش لەم کوشتنانە یارمەتی ئەم ژنەی داوە و هاوکات ئەویش دەستبەسەر کراوە.
ئەم ژنە دووهەمین ژنە لە ئێراندا کە تا ئێستا بەم شێوەیە دەستی داوەتە کوشتنی پیاوان و لە میدیاکاندا بە ناوی بێوەژنی ڕەش ناوبانگی دەرکردووە.