لە شاری مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، دەیان چالاکی ژینگەپارێز لە کاتێکدا لە دانیشتنی ساڵانەی ئەنجوومەنی سەوزی چیا بەشدارییان کردبوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە دەستگیر كران.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (هەنگاو) بڵاوی کردووەتەوە، دوێنێ یەکشەممە 10/9/2023، لە کاتێکدا ئەنجوومەنی سەوزی چیا لە یەکێک لە گوندەکانی مەریوان لە دانیشتنی ساڵانەی خۆیاندا بوون، هێزە ئەمنییەكانی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر کۆبوونەوەکە و زیاتر لە 35 کەسیان دەستگیر كردووە.
باس لەوەش كراوە، هەموو ئامێری پەیوەندیی ئەم کەسانەی بەشداری كۆبوونەوەكە بوون، وەکوو: مۆبایل و كۆمپیوتەر، دەستیان بەسەردا گیراوە.
ئاماژە بەوەش دراوە، مانگی ڕابردوو ئەم ئەنجوومەنە بە چڕی سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرە زۆرەكەی دارستانەکانی مەریوان بوو، هاوکات پێنج ئەندامی دیکەی دەستبەسەر کرابوون، تا ئیستاش ڕوون نەكراوەتەوە هۆكاری دەستگیركردنیان چییە.