گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشکرای کرد دوای پێنج ڕۆژ تێپەڕین بەسەر کوشتنیاندا، بکوژی سێ کەسەکەی قەڵادزێ لە سنووری قەزای شەقڵاوە دەستگیر کرا.
شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “دوای ئەوەی لە شەوی پێنجشەممەی ڕابردوو 12/9/2023 لە قەڵادزێ سێ کەس لە یەک کات و شوێن کوژران، دەستبەجێ بە هاوبەشیی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی ڕاپەڕین دەست کرا بە ڕێکاری یاسایی و دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و بە سوودوەرگرتن لە کامێراکانی چاودێری لە ئەنجامدا توانرا ناسنامەی تۆمەتبار ئاشکرا بکرێت.”
گوتیشی: “دوای دۆزینەوەی شوێنی تۆمەتبارەکە کە ڕای کردبوو بۆ کۆڕێ لە سنووری قەزای شەقڵاوە، زانیاریمان دایە بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان و لەوێشەوە لەلایەن پۆلیسی کۆڕێ و ئاسایشی سنوورەکە توانرا تۆمەتباری سەرەکیی بکوژی سێ کەسەکەی قەڵادزێ دەستگیر بکرێت.”
باسی لەوەش کرد: “تۆمەتبارەکە ناوی (ق،هـ) تەمەن 29 ساڵە و چاوەڕوان دەکەین تۆمەتباری ناوبراو ڕادەستی هێزەکانی پۆلیسی ڕاپەڕین بکرێتەوە و لێکۆڵنەوەی لەگەڵ دەست پێ دەکەین.”