گوتەبێژى گشتیى دەستەى گەشتوگوزارى هەرێمى کردستان ڕایگەیاند، نەخشەڕێگای چاکسازیی کەرتی گەشتیاری لەلایەن ڕێکخراویUNDP ى نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ هەرێمى کوردستان داڕێژراوە و داوامان کردووە کە لەمەودوا بڕگەکانى بخاتە بارى جێبەجێکردنەوە.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژى دەستەى گشتیى گەشتوگوزار بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “ماوەیەک پێش ئێستا ڕێکخراوی UNDP هەماهەنگی بۆ ئامادەکردن و ڕاگەیاندنی نەخشەڕێگای چاکسازیی کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان کە بە هۆیەوە کەرتى گەشتوگوزار هەنگاوێکى زۆر باش دەچێتە پێشەوە و بووژانەوەى باش بە خۆیەوە دەبینێت و دەبێتە سەرچاوەیەکى دیارى داهاتى تاک و ناوخۆ”.
گوتیشى: “بۆ ئەو مەبەستە دەستەی گەشتوگوزار داوای لە UNDP کردووە وەک چۆن لە ئامادەکردنی نەخشەڕێگاکە چاکسازی ڕۆڵیان گێڕا ئاواش بۆ جێبەجێکردنی بڕگە و تەوەرەکانی ناو نەخشەڕێگاکە هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ، بۆ ئەو مەبەستە چاوەڕێى وەڵام و کردارى ئەوان دەکەین”.
باسى لەوەش کرد: “هەرێمى گوردستان بۆ ژمارەیەکی زۆر لە جۆرەکانی گەشتوگوزار گونجاوە و یەکێک لە ئامانجە ستراتیژییەکانی پلانی هەشت ساڵەی دەستەش بریتییە لە پەرەپێدانی جۆرەکانى گەشتوگوزار کە خۆشبەختانە بنەما و ڕەگەزی بەهێزمان هەیە بۆ سوودوەرگرتن لە زیاتر لە ١٥ جۆری گەشتوگوزار”.
گوتەبێژى دەستەى گشتیى گەشتوگوزار ئاماژەى بەوەش کرد: “بەدەر لەوەش لە هەریەکە لە کۆنفرانسى وەبەرهێنان کە ماوەیەک پێش ئێستا لە شارى سلێمانى و لە ئێستاش لە هەولێر بەستراوە و تا دوو ڕۆژى دیکە بەردەوام دەبێت و تێیدا ژمارەیەکى زۆر وەبەرهێنى بیانى و ناوخۆ بەشدارن، کار لەسەر ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتری وەبەرهێنان دەکەین لە سێکتەرە جیاوازەکانی کەرتى گەشتوگوزار “