وەزارەتى کارەبا: 500 هەزار پێوەرى زیرەکى دیكەی کارەبا دەبەستین

گوتەبێژى وەزارەتى کارەباى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئاشکراى کرد، تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و 350 هەزار پێوەرى زیرەکى کارەبا بەستراوە و داواى بودجەى دیکەشیان بۆ تەواوکردنى پڕۆسەکە کردووە کە بەستنى 500 هەزار پێوەرى دیکەیە.

ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژى وەزارەتى کارەبا بە (باسنیوز) ى ڕاگەیاند دواى بڕیارى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە بەستنى پێوەرى زیرەک و کەوتنە بارى جێبەجێکردنیەوە تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و 350 هەزار پێوەرى زیرەک بۆ هاوبەشانى کارەبا بەستراوە کە لە ئێستا ئەو قۆناغە لە کۆتاییدایە.

گوتیشى قۆناغى دووەم ژمارەیان 500 هەزار هاوبەشى دیکەیە کە پێوەرەکەیان بۆ نەبەستراوە ئەوەش پێویستى بە بودجە هەیە بۆ ئەو مەبەستە داوکاریمان پێشکەشى حکوومەت کردووەو چاوەڕێى ڕەزامەندین و هەرکات بودجەکە دابین کرا بەستنى ئەوانیش دەخەینە بارى جێبەجێکردنەوە.

ئومێد ئەحمەد باسى لەوەش کرد لە هەندێک شوێن سیستەمى پریپەید (یەکە) بۆ بەکارهێنانى کارەبا دانراوە و بەکارهێنەرانى سکاڵاى ئەوەیان کردووە کە نرخى گرانە،بۆیە ئێمە ڕامانگەیاندووە کە فیدباکی پرۆسەکە و سەرنج و تێبینی و گلیەیی هاوبەشان بە هێند وەردەگرین و دواتر بڕیارى کۆتایى دەدرێت واتە هەر نرخ مەرج نیە ڕەنگە لە پرۆسەکە خاڵی دیکەش هەبێت گۆڕانکاری تێدابکەین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *