هەنگەوانانى کوردستان لە کۆنگرەى هەنگەوانانى عەرەبدا بەشدارى دەکەن

بڕیارە کۆنگرەى هەنگەوانانى عەرەب لە وڵاتى میسر بەڕێوە بچێت و ژمارەیەک هەنگەوانى هەرێمى کوردستانیش بەشداریى تێدا بکەن.

عارف شێروانى، سەرۆکى تۆڕى کۆمەڵەى هەنگەوانانى کوردستان، بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: “بڕیارە کۆنگرەى هەنگەوانانى عەرەب لە مانگى تشرینى دووەمى ئەمساڵ لە وڵاتى میسر بەڕێوە بچێت و تێیدا چەندین هەنگەوانى بەئەزموون و شارەزا بەشداری دەکەن و دەرفەتێکى باش دەبێت بۆ یەکترناسین و نمایشکردنى بەرهەمى هەنگوینى وڵاتەکانیان”.

گوتیشى: “بەهۆى باشیى جۆرەکەیەوە، هەنگوینى هەرێمى کوردستان توانیویەتى ناو و ناوبانگى خۆى لە جیهاندا تۆمار بکات بەو پێیەى لە چەند کۆنگرە و پێشەنگاى جیهانى پلەى یەکەمى بەدەست هێناوە، بۆیە بۆ ئەو کۆنگرەیەش بانگهێشت کراوین”.

باسى لەوەش کرد: “هەر هەنگەوانێک دەیەوێت لەو کۆنگرەیەدا بەشدارى بکات، بەپێى چەند مەرج و ڕێنوێنییەک ناوى تۆمار دەکرێت و لە کات و شوێنى کۆنگرەکەدا ئاگادار دەکرێتەوە”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *