سەرۆکی یەکێتیی پیاوان: ژن و مێردێک چوار ساڵە لەیەكتر جیا بوونەتەوە، بەڵام پێكەوە دەژین

سەرۆكی ڕێكخراوی یەكێتیی پیاوانی كوردستان ئاشكرای كرد، ژن و مێردێك دوای چواردە ساڵ ژیانی هاوسەری، ماوەی چوار ساڵە لە یەكتر جیا بوونەتەوە، بەڵام لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی منداڵەكانیان، لە یەك خانوودا دەژین.

بورھان عەلی، سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ژن و مێردێک لە شاری سلێمانی، ماوەی چوار ساڵە لە یەکتری جیا بوونەتەوە، بەڵام دوای ئەوەی بەپێی شەرع و یاسا جیا بوونەتەوە، ئێستا ئەو ژن و مێردە لە ماڵێکدا دەژین.“

ڕوونیشی کردەوە، ئەو ژن و مێردە ماوەی چواردە ساڵ پێكەوە بوون وەك هاوسەر، دواتر جیا بوونەوە، بەڵام: ”ئێستا لە ماڵێکدا دەژین، ئەو كارەشیان لەبەر ئەوەیە كە منداڵەکانیان ژیانیان تێکنەچێت.“

ئەوەشی ئاشكرا كرد كە كرێی خانووی ئەو خێزانە لە لایەن پیاوەكەوە دەدرێت و هاوكات خەرجیی منداڵەكانیشی دەكات، بەمەش دەیانەوێ جیابوونەوەكەیان كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر ژیانی منداڵەكانیان نەبێت.

ئەمە لە كاتێكدایە كە بەردەوام شارەزایانی بواری یاسا و خێزان، هۆشداری دەدەن لە كاریگەریی لێكهەڵوەشانەوەی خێزان لەسەر منداڵەكانیان و بەردەوام بەهۆی جیابوونەوەی باوان لە یەكتر، منداڵەكان لە یەكێك لە دایك یان باوكیان بێبەش دەبن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *