دوای ئەوەی كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ، یاریزانی یانەی (نەسڕ)ی سعوودی گەیشتە (تاران)ی پایتەختی ئێران، خەڵکی ئەو شارە بە پەرۆشەوە لەپێش شوێنی مانەوەی ئەو یاریزانە ماونەتەوە، تا بتوانن بۆ یەك جاریش بێ، چاویان پێی بکەوێت.
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دەیان ڤیدیۆ و وێنەی دانیشتوانی تاران بڵاو بووەتەوە، کە چەند تامەزرۆی بینینی ڕۆناڵدۆن و هەوڵ دەدەن بە چوونە ناو ئەو هۆتێلەی کە ڕۆناڵدۆی تێدا نیشتەجێیە، چاویان پێ بکەوێت.
شەوی رابردوو 18/9/2023، ڤیدیۆی منداڵێک تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تەنی و بینەرێكی زۆری هەبوو، کە بە گریانەوە دەیگوت: “بۆچی ڕێگە نادەن ئێمەی منداڵانیش چاومان بە ڕۆناڵدۆ بکەوێت، خاوەنی ئەم هۆتێلە کێیە، بۆ ڕێگە نادات ڕۆناڵدۆ ببینین، ئەویش مرۆڤە ئێمەیش مرۆڤین.”
وەك لە ڤیدیۆكەدا دیارە، منداڵەكە بە کوڵ دەگری لە دوای پرسیاری پەیامنێرەکە کە لێی دەپرسێ ئەگەر چاوت بە ڕۆناڵدۆ بکەوێت چی پێ دەڵێت، وەڵام دەداتەوە و دەڵێ: “پێی دەڵێم هیچ کات سەردانی ئەم هۆتێلە مەکەوە.”
دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی ئەم منداڵە، ئینستاگرامی فەرمیی یانەی (نەسڕ) سعوودی، ڤیدیۆیەکی لە پێشوازیی ڕۆناڵدۆ لەم منداڵە بڵاو کردەوە، منداڵەکە کە ناوی ئادریانە دەچێتە ژووری ئیسراحەتی ڕۆناڵدۆ و بە پێکەنینەوە لەلایەن یاریزانەكەوە پێشوازی لێ دەکرێت و باوەشی پێدا دەکات و دواتر جلی یانەی نەسڕی بە واژۆی خۆیەوە بە دیاری پی دەدات.