کچێکی تەمەن 13 ساڵ بە ناوی مەهیا نادری، لەلایەن ئامۆزاکەیەوە بە پاساوی شەرەف بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکی ساچمەیی کوژرا.
بە گوێرەی هەواڵێکی ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژانی ڕابردوودا، کچێکی مێرمنداڵ بە ناو مەهیا نادری، تەمەن 13 ساڵ و خەڵکی شاری سەرپێڵی زەهاوی سەر پارێزگای کرماشان، لە ماڵی خۆیان لە گەڕەکی (زەعفەرانییە)ی سەر بەو شارە کوژراوە.
ئاماژە بەوەش دراوە: “ئامۆزایەکی ئەو کچە کوژراوە بە چەکێکی ساچمەیی تەقەی لە کەمەر و ملی مەهیا کردووە و پاشان سەری لە لاشەی جیا کردووەتەوە و دواتر شوێنی تاوانەکەی بەجێ هێشتووە.”
ڕێکخراوی (هەنگاو) ئەوەشی خستووەتە روو: “باوکی مەهیا نادری بەرپرسیارەتیی کوشتنی کچەکەی بە هۆکاری (پاساوی شەرەف) و بۆ ئەوەی بکوژەکە سزا نەدرێت (بەپێچەوانەی ئەوەی ڕووی داوە) لە ئەستۆ گرتووە.”