کەشناسێک: پاییزێکی پر باران و کەم وێنەمان لە پێش دەبێت

شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرایکرد کە پێشبینی دەکرێت لە ماوەی مانگی داھاتوودا رێژەیەکی زۆری بارانبارین لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق ببارێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 19/9/2023، ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی بڵاوی کردەوە: “بەگوێرەی دوایین گۆڕانکارییەکانی نەخشی ئەورووپی (ECMWF) دوور مەودا پێشبینی دەکرێت لە ماوەی مانگی داھاتوودا رێژەیەکی زۆری بارانبارین لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق ببارێت کە رێژەیەکی زۆر بەرزە سەبارەت بە مانگی 10 و دڵخۆشکەرە.”

ئەوەشی خستووەتە روو: “وێرای کەمبوونەوەی رێژەی دروستی پێشبینییە دوور مەوداکان، بەڵام لە ئێستاوە دەرکەوتنی بارانێکی زۆر بۆ مانگی داھاتوو ئاماژەیەکی ڕوونە کە پاییزێکی پر باران و کەم وێنەمان لە پێش دەبێت.”

ئاماژەشی بەوە داوە: “بەھۆی گۆڕانی کەشوھەوا و ڕوودانی دیاردەی (ئێڵ نینۆ) دیاردە کەشییەکان توند بوون و لەماوەکانی ڕابردوودا تا ئێستا چەندین وڵات و ناوچەی جیاواز دووچاری لافاو و گەردەلوول و باوبارانی بەھێز بوونەتەوە کە لەھەندێکیان بەداخەوە زیانی گیانی بەدوادا ھاتووە زیادبوون و توندبوونی ئەم ڕووداوانەش لە ساڵێکی وەک ئەمساڵ جیھانییەن چاوەروان کراوە کە بەتێکڕا دەریا و زەریاکان گەرمبوونی بەرچاویان بەخۆیەوە بینیوە بۆیە شەپۆلەکان و سیستەمە نزمەپەستانیەکان لەبەرگەھەودا لە کاتی ئاسایی ناجێگیرتر و بەھێزتر دروست دەبن کە زۆرکات توانای بەرھەمھێنانی بارانی زۆر و لێکەوتەی مەترسیداریان دەبێت بۆ سەر ئەو ناوچانەی روویان تێدەکەن.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *