یەكێك لە ڕۆژنامەنووسە هەرە دیارەكانی باكووری كوردستان، كە خاوەنی خەڵاتی مووسا عەنتەرە، بە تۆمەتی ئەوەی پڕۆپاگەندەی بۆ پەكەكە كردووە، خراوەتە زیندانەوە.
عەبدولڕەحمان گۆك، ڕۆژنامەنووس لە ئاژانسی میزۆپۆتامیا، چەند مانگێكە بە تۆمەتی ئەوەی پڕۆپاگەندەی بۆ پەكەكە كردووە، خراوەتە زیندانەوە، بەڵام دەنگی ناڕەزایی دژی دەستگیكردنی گۆك بەرز بووەتەوە و داوای ئازادكردنی دەكرێت.
لە دانیشتنی دادگاییكردنیدا، دادوەر بڕیاری دا دادگاییكردنەكەی بۆ 5/12/2023 دوا بخرێت، بەهۆی ئەوەی بەڵگەكان وەكوو پێویست نین و پێویست دەكات زیاتر لێكۆڵینەوەی لەسەر بكەن، هەروەها گۆك، بەرگریی لە خۆی كرد و گوتی، بە هیچ شێوەیەك هیچ پڕۆپاگەندەیەكم بۆ تیرۆر نەكردووە و نایكەم.
گۆك یەكێك بوو لەو ڕۆژنامەنووسانەی لە كاتی شەهیدكردنی ژینا ئەمینی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، چووە ڕۆژهەڵات و زیاتر لە حەوت ڕاپۆرتی لەسەر خۆپێشاندانەكان دروست كرد و گیانی خۆی خستە مەترسییەوە، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی، لیژنەی دابەشكردنی خەڵاتی ساڵانەی مووسا عەنتەر لە ئامەد، بۆ 2023، گۆكیان بە شایان زانی كە ئەو خەڵاتەی پێشكەش بكەن.
بانۆ گوڤەن، ڕۆژنامەنووسی دیاری توركیا، لە نووسینێكدا دەڵێت، سوپاس بۆ هاوڕێكانم لە لیژنەی هەڵسەنگاندنی خەڵاتی مووسا عەنتەر، كە گۆكیان بەشایان زانی ئەو خەڵاتەی پێشكەش بكەن، چونكە بەڕاستی شایانی بوو.
بانۆ دەنووسێت: ”لە باكووری كوردستان هەواڵ زۆرە، بەڵام میدیای ئۆپۆزسیۆن گرنگیی پێ نادات. لەوێ چەندین ڕۆژنامەنووس لەسەر بیری ئازاد لە زیندانەكانن، بەشێكیشی داوای یاساییان لەسەر تۆمار كراوە و لە ڕێگەی دادگان، بەڵام میدیای سەر بە ئۆپۆزسیۆن لە توركیا، گرنگی بەو هەواڵانە نادات، دیارترینیان عەبدولڕەحمان گۆكە، كە باسی ناكرێت و گرنگیی پێ نادرێت.”