ئەمڕۆ یەكشەممە ماڵپەڕی (ئەلعەرەبی ئەلجەدید) لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە، لەسەر سەرکردایەتیكردنی حەشدی شەعبی دوای فالح فەییاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، كێشە دەكەوێتە نێوان لایەنە شیعییەكانی عێراق.
ماڵپەڕەكە دەڵێ لە ناوەڕاستی مانگی كانوونی دووەمی رابردوودا، ڕاسپاردەیەکی بەرپرسێکی باڵای ئێرانی بووە هۆی کۆتاییهاتنی بزووتنەوەیەکی ڕانەگەیەندراو لە بەغدا کە لەلایەن ژمارەیەك سەرکردەی سیاسیی و سەرکردەی میلیشیای چەکداریی نزیك لە تاران سەرکردایەتی دەکران و هەوڵی لادانی فالح فەییاز سەرۆكی دەستەی حەشدیی شەعبییان دەدا لە پۆستەكەی.
ئەم بزووتنەوەیە دواهەمین جوڵانەوە نەبووە لە دژی فەییاز، بەو پێیەی دوو بەرپرسی عێراقی لە بەغدا بۆ (ئەلعەرەبی ئەلجەدید)یان ئاشکرا کرد کە سەرکردە سیاسی و چەکدارەکان جارێکی دیکە فشاریان کردووەتەوە بۆ ئەوەی فەییاز بخرێتە نێو بڕیارەکانی گۆڕینی چەند پۆستێکی حکومییەوە، کە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ بە نیازە ئەنجامی بدات.
هەوڵەکان بۆ دەرکردنی فەییاز لە سەرکردایەتیی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، دوو پۆستی گرنگی ئەمنی لێ سەندراوەتەوە، كە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و بەرپرسی خزمەتگوزاریی ئاسایشی نیشتمانی بوون.