بەپێی ڕاگەیەندراوێكی پۆلیسی ڕاپەڕین، ئەمڕۆ سێشەممە 26ی ئەیلوولی 2023، بنکەی پۆلیسی سەرچنار بە هاوکاریی پۆلیسی قەڵادزێ، تۆمەتبارێکیان دەستگیر کرد کە لە قەڵادزێ هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی لە ژنێک کردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: ”دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبارەکەدا، دانی ناوە بە تاوانەکەیدا و بە وتەی خۆی لە بەرامبەر وەرگرتنی بڕێک پارە هەڕەشەی لەو ژنە کردووە ئەگەر پارەکەی نەداتێ وێنە و ڤیدیۆکانی بڵاو دەکاتەوە. ئێستا تۆمەتبارەکە بە مادەی دووی یاسای خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن ڕاگیراوە و بە هەمان مادە تۆمەتی پێشینەی هەیە لە بنکەی پۆلیسی ڕاپەڕین لە شاری سلێمانی.”
لەلایەكی دیكەوە هەر ئەمڕۆ سێشەممە، لەلایەن مەفرەزەكانی نووسینگەی ڕۆژهەڵاتی نەهێشتنی تاوانی سلێمانییەوە، تۆمەتبارێك بە بڕێك مادەی هۆشبەرەوە دەستگیر كرا.
پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند: دوای ئەوەی گومان لەسەر كەسێك دروست بوو كە مادەی هۆشبەری پێیە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەست پێ كرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر و كۆكردنەوەی زانیاری، توانرا لەلایەن نووسینگەی ڕۆژهەڵاتی نەهێشتنی تاوانی سلێمانییەوە تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و دەستگیر بكرێت.
جێی باسە تۆمەتبارەکە ناوی (ب، م ،ح) لەدایكبووی 1983ە، لە كاتی دەستگیركردنیشیدا، نزیكەی 300 گرام مادەی هۆشبەر لە جۆری كریستاڵی لا بووە.